زاری كرمانجی- سۆران :
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، لەئێَستادا ناوی زیاتر لە 22 هەزار كەس گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆرانیش، دەڵێت” تا یەك ناو مابێت دەست بەدابەشكردنی زەوی ناكرێت.
خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە هەفتەی ڕابردوو ناوی زیاتر لە 15 هەزار فەرمانبەر و چین و توێژەكان گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، هەروەها كۆی گشتی ناوەكان تاكو ئێستا بۆتە 22 هەزار و 500 كەس، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی دەستنەكراوە بە دابەشكردنی زەوی، چاوڕەڕێی گەڕانەوەی تەواوی ناوەكان دەكەین ئەو كات پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەستپێدەكات”.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، گوتیشی” گرفتی كەمی زەویمان هەیە، لەبەر ئەوەی ئیدارەی سۆران ناوچەیەكی شاخاوییە و زەوی پێویستمان بەردەست نییە، بۆیە دوای گەڕانەوەی تەواوی ناوەكان پێشنیاری پێویست دەدەینە وەزارەتی شارەوانی، بە گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی تر، یان چارەسەرێكی گونجاوتریان بۆ بدۆزینەوە”.
دوای چەندین ساڵ ڕاگرتنی دابەشكردنی زەووی بەسەر فەرمانبەران و چین و توێژەكان، ساڵی ڕابردوو بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە بڕیاری دابەشكردنی زەوی دەستی پێكردەوە، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت و دەستەو شارەوانییەكان ڕاسپاردراون بۆ تۆمار كردنی ناوی ئەو كەسانەی بڕیارەكە دەیانگرێتەوە”.
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی تائێستا ناوی دەیان هەزار كەس دەرچووە بۆ پێدان و سوودمەندبوونیان لە وەرگرتنی زەوی، ڕێكارەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەوانەی ڕێنماییەكان دەیان گرێتەوە بەپێی خاڵبەندی لە وەرگرتنی زەووی سوودمەندبن.