ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئایار، دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم گەشتی دەرەوە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا دەگاتە سعودیە. لە هەمان کاتدا تیمێک لە گەورەترین وەبەرهێنەران و کەسانی دەوڵەمەند و بەڕێوەبەرانی بەناوبانگترین بزنسە ئەمریکییەکان دەگەنە ڕیاز.
فڕۆکەی بۆینگ ٧٧٧ کە لە دوبەیەوە بەرەو ڕیاز دەفڕێت، پڕە لە سەرنشینی ڕۆژئاوایی بەجل و بەرگی عەرەبییە، پێدەچێت دوای گەشتە یەک کاتژمێر و نیوەکە بەرەو کۆبوونەوەی فەرمی یان ئەرکێکی قورسی بازرگانی بڕۆن.
ئاڵای سعودیە و ئەمریکا لەسەر ڕێگای سەرەکی بەرەو فڕۆکەخانە دەشەكێنەوە و لە هەموو گۆشەیەکی شارەکەدا پڕۆژەیەکی گەشەپێدان یا ژێرخانی بەڕێوە دەچێت.
سعوودیە پێویستی بە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە هەیە لە چوارچێوەی گەیشتن بە ئامانجەکانی دیدگای 2030ی شازادە محەمەد بن سەلمان کە ئامانجی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئابوورییە و هاوکاریی بەرگری و ئەمنی لە تەوەرەکانی سەردانەکەی ترەمپ بۆ ڕیازن. هەروەها ئەمریکا و سعوودیە پلانیان هەیە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان و هاوبەشی ئابووری لە بوارە جیاجیاکاندا لە زیرەکی دەستکردەوە تا دەگاتە کانگاكان.
ئەم گەشتە یەکێک دەبێت لە گەشتە گرنگەکانی ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا و دەستکەوتەکانی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت.
بۆیە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە، پێش گەیشتنی ترەمپ بۆ ڕیاز گەشتێکی بۆ سعودیە کرد، هەروەها ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبی و قەتەریش ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ پێشوازی لە سەرۆكی ئەمریكا.
بۆ جاری دووەم لە ماوەی هەشت ساڵدا سعودیە میوانداری یەکەم گەشتی دەرەکی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دەکات. لە مێژووی ٨٠ ساڵەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، ئەم وڵاتە لانیکەم ١٢ سەرۆکی ئەمریکای لە ڕۆزڤێڵتەوە تا بایدن میوانداری کردووە.
لە ساڵانی دوای شۆڕش لە ئێران، لە کاتێکدا کە ئەمریکا و زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئەوروپا گەشتەکانیان بۆ ئێران وەستاند، ڕۆناڵد ڕیگان، بۆشی گەورە و بچووک، کلینتۆن، ئۆباما، ترەمپ (ئیدارەی یەکەم) و جۆ بایدن گەشتیان بۆ سعودیە کرد. لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا سەردانی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی گەورەی جیهان بۆ ئێران زۆر کەم بووە.