زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەری چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” لەكابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بایەخی زۆر بە كاروپڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ڕێگاوبانەكان دراوەو چەندین ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكراوە، بەشێكی زۆر لە پڕۆژەكان جێبەجێكراون و ئەوانەش كە ماون دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە”.
ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران، گووتیشی: ” ئەوەی زیاتر پەیوەستە بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان زیاتر ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزارییە بۆ ڕێگاكانی دەرەوەی شارو شارۆچكەو گوندەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەروەك سنوورەكەمان فرەوانەو ڕۆژانە هاتووچۆی زۆر لەسەر رێگا سەرەكییەكانە، بەتایبەتیش ڕێگای سەرەكی هامڵتۆن بەپێی ئەوەی بەستراوەتەوە بە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی هەڵكەوتەی دەڤەرەكە گەشتیارێكی زۆری بیانی و ناوخۆیی ڕوو لە سنوورەكەمان دەكەن، لە وەرزی زستان و باران بارینیش زۆرجار زیان بە ڕێگاكان دەگات، ئەمەش وادەكات كە ڕێگاكان بەردەوام پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەو چاككردنەوەبێت”.
بەڕێوەبەری چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: “حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە پێشینەی كارەكانی بووە، كە تەنها لەماوەی زیاتر لە 3ی ساڵی كابینەی نۆیەم، زیاتر لە 27 ملیار دینار لەسەر بوددجەی وەزارەت و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاو بانەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دروستكردنی ڕێگای گوندەكان خەرجكراوە، زۆربەی بوددجەكەش هی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بووە”.
ئاشكراشی دەكات: ” ئەگەر باس لە پڕۆژە گەورەكانیش بكەین گوژمەكە زۆر زیاترە، تەنها ڕێگای سپیلك-خەلیفان گوژمەكەی نزیكەی 84 ملیار دینار بووە، پڕۆژەی دیكەش هەن، بەڵام ئەوەی ئێمە باسی دەكەین تەنها گوژمەی چاككردنەوەو پارستنی ڕێگاكانە لەگەڵ دروستكردنی ڕێگای بەشێك لە گوندەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران” .
ئەندازیار خوسرەت سادق دری، ئاشكراشی كرد: “زۆربەی ئەو گوژمەیەی كە باسم لێوەكرد خەرج كراوەو پڕۆژەكان جێبەجێكراون، هەندێك لە پڕۆژەكانیش لە قۆناغی جێبەجێكردنن و بەشێكیشیان لە تەندەردان دوای ئەوەی بەڵێندەر وەریان گرتەوەو گۆژمەكە خەرجكرا دەست بەكارەكانیان دەكرێت.