وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات و دەڵێت، دەبێتە دەستپێکێک بۆ پێداچوونەوە بەو بیانووانەی بەکاردەهێنران بۆ مانەوەی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، بڕیارەکەی پەکەکە “دەرفەتێکی راستەقینە دەڕەخسێنێت بۆ پێشخستنی هەوڵەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ململانێکان”.
باس لەوەش دەکات: “ئێمە پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانج لێی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییە”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم پێشهاتە “دەروازەیەکی سروشتییە بۆ پێداچوونەوە بەو بیانوو و پاساوانەی زۆر جار بۆ پاساودان بە بوونی هێزی بیانی لەسەر خاکی عێراق بەکاردەهێنران.”
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پشتگیریی هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە دەبنە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری و گرنگیی چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە، بە شێوەیەک خواستی گەلانی ناوچەکە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان بەدیبهێنێت.