ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری خۆ هەڵشاندنەوەی پەکەکە، هەنگاوێکی گرنگە، دەڵێت: چارەسەریی هەمیشەیی پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، بڕیارەکەی پەکەکە، هەنگاوێکە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی.
ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو، بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی و چەکدانانی ڕاگەیاند و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی لەگەڵ تورکیا هێنا.
هەر ئەمڕۆ، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە)، ڕایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە دڵسۆزانە کار بکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی، گوتیشی: پەکەکە بڕیارێکی مێژوویی دا و پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی دەکەین.


































































