سەرۆک بارزانی پشتیوانی لە بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان لە پێناو چارەسەریی ئاشتیانە لە تورکیا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ ” هیوادارین ئەو پڕۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی باش”.
رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا خۆشحاڵیی خۆی لە بەستنی کۆنگرەی پەکەکە و بڕیارەکانی پێشاندا.
لە راگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە لە پێناو پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە تورکیا هەڵوەشانەوە و چەکدانانی خۆی راگەیاند، سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵیت؛ “بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە تورکیا دەکەین”.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جێگەی خۆشحاڵیە لە پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە تورکیا لایەنەکان هەڵوێستی باشیان هەبوو و هەنگاوی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتیانە نرا. هەروەها پەکەکەش کۆنگرەی خۆی بەست و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد. ئێمە هیوادارین ئەو پڕۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی باش و لە بەرژەوەندی و خێری ناوچەکە و هەموو لایەک بێت. ڕاشیدەگەیێنین بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە دەکەین.
مسعود بارزانی
12ی ئایاری 2025