زاری كرمانجی- سۆران:
لە 35 ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستانیش قوربانی دەستی پەكەكە بووە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە 200 گوندی ئیدارەی سۆران چۆڵكراون و خەڵكەكەی بۆ شارەكان كۆچیان كردووە، جگە لە شەهید و بریندار بوونی دەیان كەس، بە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی، ئەو گوندانە جارێكی دیكە ئاوەدان دەبنەوە و ناوچەكە زیاتر دەبووژێتەوە.
لە 35 ساڵی ڕابردوودا ئەو ناوچانەی كە بەهۆی شەڕی پەكەكە و توركیا چۆڵكراون، زیاتر گوندەكان بوونە، لە قەزای مێرگەسۆر 68 گوند، لە سیدەكان 118 گوند، لە چۆمان 15 گوند و لە قەزای ڕواندزیش 3 گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی خەڵكی ئەو گوندانە لە گوند و ئاوایەكانی خۆیان نەماون، چەندین ناوچەی گەشتیاری گرنگ دەكەونە ئەو ناوچانە، بۆیە بە كشانەوەی گەریلای پەكەكە و سوپای توركیا، كەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سۆران زیاتر دەبووژێتەوە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەو ناوچانە، كە بۆ زاری كرمانجی قسەیان كردووە، داواكاری سەرەكی خەڵكی ئەو گوندانەی چۆڵكراون ئەوەیە پەكەكە لە گوند و ئاواییەكانی ئەوان نەمێنێت، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایەكانی خۆیان و دەست بە ژیانێكی نوێ بكەن و كاری ئاژەڵداری و جووتیاری بكەن، جگە لەوەی ئەو ناوچانەی چۆڵن بە دەیان شوێنی گەشتیاری و جوان و خۆشی لێیە بە نەمانی پەكەكە و توركیا دەتوانین بە چاككردنی ئەو ناوچانە زیاتر سەرنجی گەشتیاران بۆ ئیدارەی سۆران ڕابكێشین و ناوچەكە زیاتر ببووژێتەوە.