مەهمەت ئوچوم، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: تورک و کورد لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی دیکەی تورکیا، بە شەڕی سەربەخۆیی لە دژ ئیمپریالیزم، بە دامەزراندنی کۆماری تورکیا پێکەوە چارەنووسی خۆیان دیاری کرد، هەربۆیە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی بنیاتنانی تورکیایە.
هەروەها نووسیویەتی: کورد دامەزرێنەر و خاوەنی هەمیشەیی کۆمارە و وەک بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی تورکیا دەمێنێتەوە.
ئوچوم، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و چاکسازییەکانی تورکیا دەڵێت: تورکیایەکی بێ تیرۆر کۆتا ئامانج نییە، بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە؛ بەڵام بە گەیشتن بە قۆناغی ‘تورکیای بێ تیرۆر’، قۆناغێکی نوێی مێژوویی لە تورکیا دەست پێ دەکات، کە بە هەموو شێوەیەک تورکیا بەهێزتر دەکات.
باسی لە دەستووری نوێی تورکیا کردووە و دەڵێت: چاکسازیی ڕیشەیی لە بوارەکانی دیموکراسی و یاسادا دەکرێت، ئەوەش قۆناغێکی دەبێت بۆ دیموکراسی و بەرجەستە کردنی نیشتمانپەروەری، بەرەو ئامانجی سەردەمێکی نوێی کۆماری تورکیا.

































































