سەرلەنوێ حکومەتی عێراق پابەندی خۆی بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دووپات دەکاتەوە، بەڵام پێ دەچێت گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ڕێگربن لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند” تا ئێستا ئەو خشتە کاتییەی لە نێوان عێراق و هێزەکانی هاوپەیماناندا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان وەک خۆی ماوە”.
عەوادی جەختیکردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک یان هەموارێک بەسەر ڕێککەوتنەکەدا نەهاتووە.
بە پێی ڕێککەوتنەکە دەبێت لە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵدا کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا بهێنرێت، بەڵام پێدەچێت گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بە تایبەتیش دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا ببنە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنیدا.
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژەیدا بەوەی پێدەچێت پەلە نەکرێت لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەدا و هۆکارەکەشی بۆ ئەو هەڕەشانە گەڕاندەوە کە لە سووریا و ئیسرائیلەوە ڕوو لە عێراق دەکەن و ڕایگەیاند، عێراق پێویستی بە هاوکاری ئەمریکا دەبێت.