شەهلا سۆفی – زاری كرمانجی :
لە كۆتایی خولی چوارەمی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا كە دوێنێ لە شاری مەسقەتی عومان بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە واژۆكرانی ڕێككەوتننامەی JCPOA سەبارەت بە لێكەوتەكانی كەڵك وەرگرتن لە میكانیزمی “سناپباك”، یان گەڕانەوەی ئۆتۆماتیكی سزاكان.
لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی كە هەر “خراپ بەكارهێنانێك” لەم میكانیزمە دەرەنجامەكانی دەبێت: “ئەوە نەك تەنیا كۆتایی هاتنی ڕۆڵی ئەورووپا لەم ڕێككەوتنەدا دەردەخات، بەڵكوو دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەكان كە لێیەوە هیچ گەڕانەوەیەك لە چاودا نییە”.
بەپێی زانیارییەكان، دانوستانكارانی ئێران بە سەرۆكایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، نزیكەی سێ كاتژمێر لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریكا قسەیان كردووە، بە سەرۆكایەتی ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاژانسە هەواڵییەكان لە زاری بەرپرسانی باڵای حكومەتی ئەمریكاوە ڕایانگەیاند، دانوستانەكانی دوێنێ “هاندان و ئیجابی” بوون و ڕایانگەیاند كە ڕێككەوتن بۆ بەردەوامی دانوستانەكان كراوە .
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ئەم خولەی دانوستانەكانی بە “سەخت بەڵام بەرهەمدار” وەسف كرد و گوتی: عومان “كات و شوێن” بۆ خولی داهاتوو هەماهەنگ دەكات.
































































