میدیاکانی نزیک لە ئاکپارتی بڵاویان کردەوە پەکەکە لەم یەک دو ڕۆژەدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕادەگەیێنێت و دەشڵێن، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی قۆناغەکانی دواتری پڕۆسەی ئاشتی دەکات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی حوڕیەتی نزیک لە پارتی دادوگەشەپێدانی لەبارەی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، پەکەکە بە گفتوگۆکردن و ڕێککەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە لە ئەوروپا و سوریا، دەقی راگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی ئامادەکردوە و لە یەک – دوو رۆژی داهاتودا ئەنجامەکانی کۆنگرەکەی رایدەگەیەنێت.
هاوکات ڕۆژنامەی تورکیای نزیک لە ئاکپارتیش نوسیویەتی، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە و بڕیارەکەش گەیشتووەتە ئەنقەرە و وتیشی، هەنگاوەکانی دواتری پڕۆسەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکەوە سەرپەرەشتی دەکرێت.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە، لە ناوخۆی پەکەکەدا بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان، دەستکراوە بە پرۆسەی لیستکردن و ناو نوسینی ئەو ئەندامانەی کە لە لیستی دەزگای هەواڵگریی تورکیادا نین و بەشێک لەو کەسانە دەچنە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت ئەوروپا.