بە پێی ناوەڕكی راپۆڕتێك كە بەشی فارسی ئەندیپێندێت بڵاوی كردووتەوە، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە کەسانی خوار تەمەنی ٥٠ ساڵ لە ئەمریکا، لە هەڵکشاندایە و توێژەران بەدوای هۆکارێکدا دەگەڕێن.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی حکومی لە ئەمەریکا گشتگیرترین وێنەی شێرپەنجەی قۆناغە سەرەتاییەکانی وڵاتەکەی دەخاتە ڕوو، دەریدەخات زۆرترین زیادبوون لە شێرپەنجەکانی مەمک، قۆڵۆن، گورچیلە و منداڵدان بەدیکراوە.
بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، زانایان لە دامەزراوەی نیشتمانی شێرپەنجەی ئەمریکا پێداچوونەوەیان بە داتاکانی زیاتر لە دوو ملیۆن حاڵەتی شێرپەنجە کردووە لە کەسانی تەمەن ١٥ بۆ ٤٩ ساڵ لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٩ و بۆیان دەرکەوتووە کە لە کۆی ٣٣ جۆری شێرپەنجە، ڕێژەی تووشبوون بە ١٤ جۆری شێرپەنجە لە لانیکەم لە گرووپێکی تەمەنی گەنجتردا زیادی کردووە. نزیکەی لەسەدا ٦٣ی شێرپەنجەکان بە زوویی لە ژناندا بەدیکراون.
شێرپەنجەی مەمک بە زیادبوونی نزیکەی ٤٨٠٠ حاڵەت، زۆرترین پشکی لەنێو ئەم جۆرە شێرپەنجانەدا پێکدەهێنێت. هەروەها حاڵەتەکانی شێرپەنجەی قۆڵۆن دوو هەزار زیاتر بوون لە ڕێژەی پێشبینیکراو لە ساڵی ٢٠١٠. هەروەها ١٨٠٠ حاڵەتی زیاتری شێرپەنجەی گورچیلە و ١٢٠٠ حاڵەتی دیکەی شێرپەنجەی منداڵدان کە زوو دەستپێدەکات.
ڕێژەی مردن بەهۆی زۆربەی شێرپەنجەکانەوە لە گروپە تەمەنییەکانی گەنجانی پێگەیشتوودا زیادی نەکردووە، هەرچەندە ڕێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجەکانی قۆڵۆن و منداڵدان و کۆئەندامی زاوزێ بەتایبەتی زیادیکردووە.
بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟
وەڵامی ئەم پرسیارە هێشتا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە. ڕەنگە هۆکاری جۆراوجۆر بەشداربن لە زیادبوونی حاڵەتە سەرەتاییەکانی شێرپەنجە، لەوانە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و خۆراک، پیسکەرەکانی ژینگە، هۆکارە بۆماوەییەکان و تەنانەت دەستڕاگەیشتنێکی زیاتر بە دەستنیشانکردنی پێشوەختە. هەندێک لە توێژەران پێیان وایە ڕەنگە هۆکارە نوێیەکانی هۆرمۆن و ژینگەیی کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبێت.
لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ دیاریکردنی هۆکاری وردی ئەم زیادبوونانە. بەڵام مێرسیدس شیڵز، نووسەری سەرەکی و توێژەر لە پەیمانگای نیشتمانی شێرپەنجە دەڵێت: “زیادبوونی چەند جۆرێکی ئەم شێرپەنجانە پەیوەندی بە زیادبوونی کێشەوە هەیە”.
“واتە یەکێک لە گریمانە سەرەکییەکان زیادبوونی ڕێژەی قەڵەوییە.”
هەروەها هەندێک لە دەستنیشانکردنی پێشوەختە پەیوەندی بە پێشکەوتنەکانی دۆزینەوەی شێرپەنجە و گۆڕانکاری لە ڕێنماییەکانی سکرینکردندا هەیە.


































































