ڕۆژنامەی خەبەری (ناشناڵ)ی بەریتانی، بڵاوی كردەوە: ئەو حەوت ئێرانییەی لە لەندەن بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کردەوەی تیرۆریستی دەستگیرکراون، ئەندامی “یەکەی ٨٤٠”ی سوپای پاسدارانن، ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردن و ڕفاندن لە دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدەن.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە ” ئەو کەسانە بە نیازی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن بوونە”.
ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانە “پێدەچێت” بە جلوبەرگی کۆچبەرەوە و بە بەلەمی کۆچبەرانەوە چوونەتە ناو بەریتانیا.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، “تا ئێستا بەدواداچوون و ئەفسەرانی ئیتلاعات لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەکی زۆر لە ئێرانییەکانی نیشتەجێی بەریتانیا دەکەن کە ڕەنگە دەستیان لە پلاندانان هەبووبێت”.
ماڵپەڕی نیشتمانی ڕایگەیاندووە ” ئەندامێتی ئەم کەسانە لە سوپای قودسی سوپای پاسداران نزیکە لە دڵنیابوون”.
پۆلیسی بەریتانیا ڕۆژی شەممە ٤ی ئایار ڕایگەیاند، هەشت کەسیان لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازی دژە تیرۆردا دەستگیر کردووە کە حەوت کەسیان ئێرانین.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە پۆلیسی لەندەن بڵاویکردۆتەوە، چوار لەو پێنج کەسەی لە پەیوەندی بە پیلانێکەوە بۆ “ئامانجکردنی شوێنێکی دیاریکراو” دەستگیرکراون، ئێرانین و تەمەنیان لە نێوان 29 بۆ 46 ساڵدایە”.
دۆمینیک مێرفی، بەرپرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پۆلیسی شارە گەورەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بەڵام “ئێمە بەدوای ڕێگەی جۆراوجۆری لێکۆڵینەوەدا دەگەڕێین بۆ بەدواداچوون بۆ هەر پاڵنەرێکی ئەگەری و تێگەیشتن لەوەی ئایا مەترسی زیاتر بۆ سەر خەڵک لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا هەیە “.
بە گوتەی فەرماندەی پۆلیسی دژەتیرۆری لەندەن، لە ڕێگەی “پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان” لە کارەکانی ئەو پێنج کەسە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام “بە هۆکاری ئۆپەراسیۆن” ناتوانن لەم کاتەدا زانیاری زیاتر بدەن.