خەڵات محمد ابراهیم
لە کاتی کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی بەرهەم هێنەری نەوتی وڵاتانی ئۆپێک ئێران و عێراق بریاری ئاشت بوونەوەیان دا، شای ئێران و سەرۆک کۆماری عێراق سەدام حسێن رێکەوتننامەیەکیان واژۆ کرد، کە بە رێکەوتننامەی جەزائیر ناسراوە لە ٦ی ئازاری١٩٧٥، لە کاتێکدا ئێران دەیویست سنوری وشکانی خۆی لەگەڵ ئێران یەک لایی بکاتەوە و ناوچەکانی (شطل عرب) بەدەست بهێنێت، بە مولکی خۆی دەزانێت، پێیوا بوو ئەو ناوچانەی لێ زەوت کراوە لە ساڵی ١٩١٤، مەبەستی عێراقیش ئەوە بوو کۆتایی بە شۆرشی رزگاری خوازی گەلی کوردی بهێنێت ئەویش شۆرشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥) بوو.
بە گوێرەی ئەم رێکەوتننامەیە حیزبی بەعس دەست بەرداری نیوەی شطل عرب بوو بۆ ئێران، لە بەرامبەر دا ئێران بەڵێن دەدات یارمەتی شۆرشی ئەیلول نەدات، بگرە ئێران یارمەتی حکومەتی عێراقی دا لە گەمارۆدانی شۆرشی ئەیلول کە بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی بوو، پێشتر شای ئێران محمد رەزا شای پەهلەوی پشتیوانی شۆرشی زۆری ئەیلولی دەکرد، بە ئامانجی فشار زۆر خستنە سەر عێراق و بەدەست هێنانی دەست کەوتی سنووری واز هێنانی پشتیوانیەکانی ئێران بۆ کورد لە دوای ڕێکەوتننامەکە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە بزوتنەوەی خەباتی رزگاری خوازی گەلی کورد، لە ماوەی چەند رۆژێکدا بە هەزاران کورد هەڵاتن بۆ ئێران لەو کاتەدا عێراق هەموو دانوساندنە سیاسیەکانی لەگەڵ کورد راگرت، سەر کوت کردنی کورد لەلایەن عێراق دەستی پێکرد، کورد لەوە تێگەشت لەمە بەدواوە ناتوانێت بە بێ پاڵپشتی دەرەکی هیچ هەوڵێکی شۆرش گێرانە بدات.
ڕێککەوتنی جەزائیر خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا ئەم ڕێکەوتننامەیە توانی بۆ ماوەیەکی کورتخایەن پەیوەندی هەردوو دەوڵەتەتی عێراق و ئێران ئاسایی بکاتەوە، بەڵام لە بیری نەکەین ئەم ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە لەسەر حیسابی نەتەوەی کورد و دامرکاندنەوەی شۆڕشی ئەیلول بوو، نەمان و لاواز بوونی شۆڕشی ئەیلول ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن ئەم دوو دەوڵەتە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان نەتەوەی کوردیان کردۆتە قوربانی ویست و ئارەزووەکانیان، کە دواجار بینینمان ڕێککەوتنەکە سەروەری دەوڵەتی لەسەر حیسابی خواستەکانی کورد پتەوتر کرد، شۆڕشی کوردی بۆ ئۆتۆنۆمی دواخست بەڵام نەیتوانی هەرگیز بڵێسەی ئەم ئاگرەی کورد بۆ تا هەتایە بکوژێنێتەوە.
لیستی سەرچاوەکان:
١- مسعود بارزانی – بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد – بەرگی سێیەم – بەشی یەکەم.
٢- شەوکەت مەلا ئیسماعیل – ڕۆژانێ لە مێژووی شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥).
٣- فرانز مەرییا دەزارۆ – مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلول – و: جاسم خۆشناو.