ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتاکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشنیاری بۆ ئێران کردووە کە گەمارۆکان هەڵدەگیرێن و واشنتۆن خۆی لە هەر هەنگاوێکی سەربازی بەدوور دەگرێت ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەتەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت و یۆرانیۆمی پیتێنراو بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی وڵات (لەوانەش ئەگەری کڕینی لەلایەن ئەمریکاوە).
ویتاکێر، نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، گووتی: ئەمریکا هەرگیز ڕازی نابێت بە ڕێککەوتنێکی وەک JCPOA کە هەڵگرتنی سزاکان لەخۆ بگرێت.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، زیاتر لە 100 ڕۆژ بەسەر خولی دووەمی ترامپدا، نەک هەر هیچ کام لە قەیرانە گەورە جیهانییەکان، لەوانە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین، ململانێی غەززە و گرژیی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیش گەیشتوونەتە بنبەست.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تەواوکەری کەناڵی سی ئێن ئێن، ستیڤ ویتتاکەر هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر پێشکەوتن لە دانوستانەکانی ڕۆژی یەکشەممەی نێوان ئێران و ئەمریکادا ڕوونەدات، ئەوا دانوستانەکان دەوەستێنرێن و ئەمریکا ڕێگایەکی دیکە دەگرێتە بەر.
ویتکۆف جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن هەفتەی ڕابردوو بڕیاریدا دەستبەرداری ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستانەکان بێت، چونکە “پێویست بوو لەگەڵ ئێران بگەینە لێکتێگەیشتنێکی کۆنکرێتی بۆ ئەوەی دانوستانەکان سوودی هەبێت”.
بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دانوستانەکانی ڕۆژی یەکشەممە کە بڕیارە لە عومان بەڕێوە بچێت، لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵا بەڕێوە دەچێت. یەکێک لە سەرچاوەکان وتی: بڕیارێکی گونجاو بوو کە ئەم خولەی دانوستانەکان لەسەر ئاستی باڵا ئەنجام بدرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان تێکەڵەیەک دەبێت لە دانوستانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.