دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دەدات لەوەی هەر وڵات یا کەسێک نەوت و بەرهەمی پترۆکیمیایی لە ئێران بکڕێت، دەستبەجێ لە لایەن ئەمریكاوە ڕووبەڕووی سزاكان دەبێتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەم پەیامەی ترەمپ بریارە سبەی گڕی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوانیان ئەنجام بدرێت.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال نووسیویەتی: هەموو کڕینی نەوت یا بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان لە ئێران دەبێت دەستبەجێ بوەستێن!” هەر وڵاتێک و کەسێک تەنانەت بڕێکی کەمی ئەو دوو بەرهەمە بكرێت، دەستبەجێ سزای بەسەردا دەسەپێندرێت”.
تەرەمپ ئاماژەی بەوەشکرد” ئەوانەی پابەند نەبن بەم هۆشدارییە بەهیچ شێوەیەک و لەهەر بارودۆخێکدا، ڕێگەیان پێنادرێت بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا بکەن”.
لەدوای چوونە ناو کۆشکی سپیەوە، ترەمپ هەڵمەتی (زۆرترین فشار)ی دژی ئێران دەستپێکردووە بە ئامانجی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.
ئێران ئێستا سەرقاڵی پیتاندنی یۆرانیۆمە تا ئاستی لەسەدا ٦٠؛ ئاستێک لە سەرووی ئەو سنوورەی لەسەدا ٣.٦٧ کە لە ڕێککەوتننامەی ساڵی ٢٠١٥دا دانرابوو، بەڵام لە خوار ئاستی لەسەدا ٩٠ی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.