بەهۆی بەدواداچوونی زاری كرمانجی كێشەكە بە ئاراستەی چارەسەر دەچێت
سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
لەچەند رۆژی رابردوو بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی یانەی سۆران و زانكۆی سۆران، دەرگای كۆمەڵگەی وەرزشی دێڵزیان بەرووی قوتابیانی سكۆڵی وەرزشی زانكۆی سۆران داخرا و نزیك بوو خوێندنی ئەمساڵی ئەو بەشە پەكی بكەوێت. دواتر وەك چارەسەرێكی سەرەتایی زانكۆی سۆران، چەند رۆژێك وانەكانیان گواستەوە بینایەی كۆلێژی زانست و بریاربوو وانە پراكتیكیەكانی هۆڵی داخراویش لە هۆڵی یانەی وەرزشی رواندز ئەنجام بدەن.
یانەی سۆران بەراوێژكرد بڕیاریدابوو بۆ ماوەی یەك هەفتەی تر دەرگای كەمپەكەی بەرووی زانكۆدا بكاتەوە و جارێكی دیكە خوێندنی قوتابیان ئاسایی ببێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 31 ـی ئۆكتۆبەر، لەمیانەی پڕۆگرامی وەرزشی ئۆنساید لە زاری كرمانجی، كە میوانداری هەردوو دوو قوتابی قۆناخی سێیەمی سكوڵی وەرزشی زانكۆی سۆران خەندە ئیسماعیل و رویا مستەفا كردبوو، ئاماژەیان بە ئاریشەكانیان كرد و گرفتەكانیان خستەروو.
هەر دوای تەواوبوونی پڕۆگرامەكە یانەی سۆران هەڵوێستی وەرگرت و سەرۆكی یانەكە ئاماژەی بەوەدا، كە نەك بۆ یەك هەفتە بەڵكو بۆماوەیەكی درێژتر دەرگا بەرووی فێرخوازانی زانكۆكە دەكەنەوە.
سدقی مەحموود، سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران، لەبەشی سەرنجی پڕۆگرامی ئۆنساید نووسیویەتی: “یانەی وەرزشی سۆران موڵكی هەر تاكێكە كە خولیای وەرزشی هەبێ، لە 2009 بەبێ بەرامبەر ئەو كۆمەڵگە وەرزشییەمان داوەتە دەست زانكۆ و سكوڵی وەرزشی تا ئێستا ئەو پەڕی ئامادەیی و هاوكاری یانە بووە بۆ خوێندنی وەرزشی و پاڵپشتی بووە لە زانكۆ.”
سیدقی ئاماژەی بەوەش دەكات:”زانكۆی سۆران و یانەی سۆران دوو دەزگای تەواوكەری یەكترن، دڵنیایی دەدەینە قوتابیانی ئازیز ئێمە لە یانە بەهیچ شێوەیەك بەربەست نابین لەبەردەم خوێندنیان، پێویست دەكات زانكۆش ئەو تێگەیشتنەی هەبێت و هاوكار و پشتیوانی بكات بەهەمان شێوە لە یانەی سۆرانیش، هەر واش چاوەڕوانیمان لێیان هەیە، بۆیە پێتان دەڵێین نەك بۆ یەك هەفتە، بەڵكو بەتەواوی دەرگای هۆڵی وەرزشی و كۆمەڵگەكەمان بۆ زانكۆ و قوتابیان كردۆتەوە”.