سەركردەیەكی باڵای هەسەدە : هێزەكانی هاوپەیمانیی لە ڕۆژئاوا دەمێننەوە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەركردەیەكی باڵای هێزەكانی سووریای دیموكرات هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە باس لە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن و ڕایدەگەیەنێت “هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ئێستادا بنكەی نوێ دروست دەكەن و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هەسەدە و هێزەكانی هاوپەیمانیی بەردەوامە.”
مەحموود حەبیب، سەركردە لە هێزەكانی سووریای دیموكرات ئاشكرای دەكات كە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كۆتایی نەهاتووە هەر وەكوو لە هەندێك شوێن باس كراوە و دەشڵێت “سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشمان لە دژی داعش ئەنجام داوە.”
حەبیب جەخت لەوەش دەكاتەوە كە دەنگۆی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ڕۆژئاوای كوردستان دوورە لە ڕاستییەوە و دەشڵێت “لە ئێستادا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شاری كۆبانێ بنكەی نوێ دروست دەكات و پلانیان هەیە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین هێزەی زیاتر بڵاوە پێ بكەن.”