وتەبێژی وەزارەتی كارەبا : لە پێناو بەردەوامبوونی گەیاندنی خزمەتگوزاری كارەبا قەرزەكان كۆدەكەینەوە
زاری كرمانجی :
ئەندازیار ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم و وتەبێژی فەرمی وەزارەتەكە ڕایدەگەیەنێت” زیاتر لە تریلیۆنێك و 261 ملیار دینار وەزارەتی كارەبا لای هاوبەشەكانیەتی و بۆ بەردەوامبوونی گەیاندنی خزمەتگوزاری كارەباش ناچارین ئەو قەرزە كۆبكەینەوە”.
ئاشكراشی دەكات:” وەزارەتی كارەبا لە ساڵی 2021 وە دوو ساڵە سوودمەند نەبووە لە هیچ بڕە پارەیەك لە وەزارەتی داراییەوە، تەنها سەرچاوەی دارایی وەزارەتی كارەبا داهاتی خۆیەتی، ئەویش هەمووی نا، بەڵكو 10% باقیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ بابەتی مووچە و ئەوانە، بۆیە وەزارەتی كارەبا ناچارە قەرزەكانی خۆی كۆبكاتەوە و بۆ ئەوەی بەردەوامی بدات بە ئیدارەدانی سیستەمەكە لەڕووی كارپێكردن و لەڕووی هونەری و جێبەجێكردنی كار و پرۆژەكان”،
ئومێد ئەحمەد باس لەوەش دەكات كە پارەی كارەبا چییە تا هاووڵاتی توانای پێدانی پارەی نەبێت و دەڵێ :” هەرزانترین نرخی كارەبا لەهەموو جیهاندا لە هەرێمی كوردستاندایە، كە لەقۆناغی یەكەمی كیلۆ وات ئەوەری-كاتژمێری (kilowatt hour) بۆ ماڵان بە دوو سەنتە، ئێمە دەستكاری نرخمان نەكردووە نرخ گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە لەجیاتی ئەوەی كەسێك سەری مانگ پارەكە بدات لەسەرەتاوە بۆخۆی دەچێت دەیدات هەر بۆ خۆیشی چاودێری دەكات كە دەستی پێوە بگرێت و سوودی لێ ببینێت خراپیەكەی ئەوە چیە؟ “