محەممەد مەحموود- سۆران :
لە ئێستادا ناوی زیاتر لە ٢٢ هەزار کەس گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆرانیش دەڵێت ” تاکو یەک ناو مابێت دەستبەدابەشکردنی زەوی ناکرێت”. خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران لە لێدوانێکی تایبەت بۆ زاری کرمانجی گووتی” لەم هەفتەیه ناوی ١٥ هەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی کۆی گشتی ناوەکان تاکو ئێستا بۆتە ٢٢ هەزار و ٥٠٠ کەس، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی دەستنەکراوە بە دابەشکردنی زەوی چاوڕەڕێی گەڕانەوەی تەواوی ناوەکان دەکەین ئەو کات پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات”.
خەسرەو ئیسماعیل، گوتیشی ” گرفتی کەمی زەویمان هەیە، لەبەر ئەوەی ئیدارەی سۆران ناوچەیەکی شاخاوییە و زەوی پێویستمان بەردەست نییه، بۆیە دوای گەڕانەوەی تەواوی ناوەکان پێشنیاری پێویست دەدەینە وەزارەتی شارەوانی، بە گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی تر، یان چارەسەرێکی گونجاوتریان بۆ بدۆزینەوە.