” پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی مافەكانیان لە دەستووری نوێی سووریا دەكەن “
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دروزەكان گرووپێكی ئایینی و كۆمەڵایەتیین و سەر بە تایفەی “دروزن” و سەرچاوەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١١ی زایینی لە ناوچەی ئەودیابی لوبنان و سووریا و ئیسرائیل، ژمارەیان نزیكەی دوو ملیۆن كەس دەبێت و زۆرترینیان نیشتەجێی پارێزگای سوەیدای باشووری سووریان كە ژمارەیان سەرووی 700 هەزار كەسە .
ئایینی دروزەكان بە (موەحیدوون) یان (بنووعەمەر) ناسراوە و لەسەر بنەمای فەلسەفە و بیرۆكە ئیسلامییەكان دروست بووە، بەڵام جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ئیسلامی سوننە و شیعە هەیە.
ئەم گرووپە لەلایەن حەكیم بئەمیروڵڵا (خەلیفەی فاتیمی) و شوێنكەوتووەكانی وەك حەمدەدین دروزی پەرەی سەندووە.
بە كۆمەڵگەیەكی داخراو ناسراون و باوەڕیان بە كتێبی “نامەكانی حیكمەت” هەیە كە بە گوتەی خۆیان “تەفسیرێكی باتنی” قورئانی پیرۆزە.
دروزەكان بە گشتی لە مەزهەبی شیعەوە نزیكن و لە زنجیرەی زەید كوڕی عەلی كوڕی حوسێنی كوڕی عەلی ئەبوو تاڵیب، خەلیفەی چوارەمی موسڵمانان شۆڕبوونەتەوە، زەید برای محەممەد باقرە، ئیمامی پێنجەمی مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی، كە لە ئێران و عێراق پەیڕەو دەكرێت.
ناوی “دروز” لە ناوی حەمدەدین دروزی ەوە وەرگیراوە، كە یەكێك بووە لە پێشەواكانی ئەم جووڵەیە و بیروباوەڕی سەرەكی ئەم گرووپەش، یەكتاپەرستی و باوەڕ بە خوداوەندێتی (ڕووحانییەت) و ڕێزگرتن لە پێغەمبەران، بەتایبەت لە كەسایەتی شوعەیب، هەروەها باوەڕیان بە دووبارە ژیانەوە هەیە و نهێنی پارێزی لە فێركردنی بنەماكانی ئایینەكەیانە.
كتێبی پیرۆزی دروزەكان ناوی (ڕەسائیل ئەلحیكمە)یە، واتە (نامەكانی دانایی). كۆمەڵگەی دروز، بەسەر دوو چیندا دابەشبوون، چینی یەكەمیان (عوقال)ن، واتە دانایان. چینی دووەمیشیان (عەوام)ن، واتە خەڵكی ئاسایی. تەنیا دانایان دەسەڵاتیان هەیە تێكستە پیرۆزەكان بخوێننەوە.
پێنج ڕەنگەكەی (سەوز، سوور، زەرد، شین، سپی) كە لە ئاڵای دروزەكاندا دەبینرێت، سیمبولن بۆ پێشەواكانیان.
كێشەی دروزەكان لەگەڵ حكومەتی نوێی سووریا، پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی “مافەكانیان” لە دەستووری نوێی سووریا دەكەن، ئەوەشیان كردووەتە پێش مەرج و ترسیان لەوە هەیە لە داهاتووی ئەو وڵاتە پەراوێز بخرێن و لەلایەن دەزگا ئەمنییە توندڕەوەكانی سووریا بە تایبەت (ئەندامانی دەستەی تەحریری شام) كۆمەڵكوژ بكرێن كە دروزەكان بە ‘كافر’ دەزانن و كوشتن و ڕفاندنی كچ و ژنانیان بە ‘جیهاد’ دەزانن و چەند ڕۆژێكیش بەر لە ئێستا ئەو ڕووداوە لە سووریا بینرا .
لە دوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەسەد لە دیمەشق، دروزەكان ناوچەكانی خۆیان پاراستووە و ڕێگەیان نەداوە هیچ هێزێكی نوێی سووریا بچێتە ناو شارەكانیان بە تایبەت (سوەیداوە)، ئەوەش وایكردووە چەندین جار ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان دەزگا ئەمنییەكانی سووریا و چەكدارانی دروزەكان ڕوو بدات . حیكمەت حەجەری، شێخی دروزەكان، چەكدانانی چەكدارەكانی پەیوەست كردووە بە دابینكردنی مافەكانیان لە دەستووری نوێی سووریادا و ڕایگەیاند “بە هیچ شێوەیەك چەكەكانمان ڕادەست ناكەین تا مافەكانمان لە دەستووری نوێدا جێگر دەكرێت.”