لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکی، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی وەستاندنی هێرشەکانی حوسییەکان کرد و نووسیویەتی، بەردەوامی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل بە زیانی خودی ئێرانە. ئاماژەی بەوەشکرد: بەبێ ئێران، حوسییەکان توانای هێرشکردنە سەر ئەمریکا و کەشتییە نێودەوڵەتییەکان و ئیسرائیلیان نییە.
گراهام لە قسەکانیدا بۆ ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە: “بە هاوڕێکانم لە ئیسرائیل دەڵێم: هەرچی پێویست بێت بیکە بۆ پاراستنی ئاسمانەکانت و گەلەکەت”. کاتی ئەوە هاتووە گورزێکی سەخت لە ئێران بدەین. “نەهێشتنی ئێران لە پیشەسازی نەوت کارێکی قورس نییە”.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، حوسییەکان خۆیان ڕادەست کردووە و بە ئەمریکایان ڕاگەیاندووە کە چیتر هێرش ناکەنە سەر کەشتیەکان، هەروەها ئەمریکا هێرشەکانی لە یەمەنیش ڕادەگرێت.