سەبارەت بە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا وتی: تۆڕی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە ئەوروپا و ئەمریکا زۆر بەرفراوانە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی پۆدکاستدا کە لەلایەن سکای نیوزەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆماری ئیسلامی چەندین بەرپرسی پێشووی ئەمریکی و ئێستای لە لیستی تیرۆرکردنیدا هەیە، بەڵام ئامانجی سەرەکی و بەنرخترینیان دۆناڵد ترەمپە.
ئەم بەرپرسەی پێشووی حکومەتی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵەکانی تیرۆرکردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات و هەروەها کەسایەتییەکانی وەک سەلمان ڕوشدی، نووسەری کتێبی “ئایەتەکانی شەیتانی” کرد. هەروەها سەرکردایەتی دەستگیرکردنی چەندین ئێرانی لە بەریتانیا بە گومانی کردەوەی تیرۆریستی کرد.
سەبارەت بە دانوستانەکانی تاران لەگەڵ واشنتۆن، جۆن بۆڵتۆن گووتی” کۆماری ئیسلامی بە دوای کڕینی کاتدایە و دەیەوێت دانوستانەکان درێژە بکێشن بۆ ئەوەی لە لێدانەکانی ئەم دواییە لە هێزەکانی بە وەکالەت ڕزگاریان بێت”.
ناوبراو زیادی کرد” ئیسڕائیل ئێستا ئامادەیە هێرش بکاتە سەر ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی لەناو ببات”.

































































