رێبوار حەمەلاو شوانی
گەلی کورد ، دەیان ساڵ قوربانی بەخشی و خوێنی بەخشی تا بگات بەم ئازادی و سەربڵندی و ئەزموونەی ئەمڕۆ تاکو وەک هەموو گەل و نەتەوەکانی ناوچەکە و دونیا خاوەن سەروەری و شکۆی خۆی بێت ، تا وڵاتەکەی لە هەموو ڕوویەکەوە پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێت ، ئەوەتا دوای 34 ساڵ کوردستان لە قۆناغی گوندێکی گەورە و وێران و بێ خزمەتگوزاری کە ڕژێمەکانی رابردووی عێراق لە ژێر چەپۆکی داگیرکاری و چەوساندنەوەیان بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان نەدەدا ئەم نیشتیمانە و گەلەکەی گەشەسەندن و ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێت ، حکوومەتی کوردستان ، هەنگاو بە هەنگاو و سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و قەیرانە دەستکردانەی بەردەمی ئەم گەل و نیشتیمانەی گەیاندە قۆناغێکی گەشەسەندوویی بێ وێنە و ڕکابەری لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دەیان ساڵە دەوڵەتن .
قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە دۆخێکی زۆر هەستیارەدا تێدەپەڕێت و بۆنی گۆڕانکاری مەزنی لێدێت ، شاراوە نییە ، لە ماوەی ساڵانی 2014 و تا ئێستای 2025 و بەتایبەتی ئەم پێنج ساڵەی کابینەی نۆیەم و بە ئێستاشەوە ، حکوومەتەکانی عێراق چ راستەوخۆ و یانیش ناڕاستەخۆ و لە ژێر گوشاری وڵاتانی هەرێمی بە هەموو توانایەک هەوڵی وەستاندنی پێشکەوتن و گەشەسەندنەکانی کوردستانیان داوە و بە شێوەیەک هەم لە ڕووی دارایی و هەمیش لە رووی ئابوورییەوە وەک چەکێک لە دژی گەلی کورد و ئەزموونی هەرێمی کوردستان کە بە پێی دەستوور قەوارەیەکی یاساییە و مافەکانیشی دیارکراوە و ڕێگە پێدراوە بەکارهێناوە ، تا جارێکی تر خەونی نەزۆکی رابردوو بۆ بن دەستکردنی کوردوکوردستان چەند بارە بکەنەوە .
بەڵام ئەوەی ڕێگەی نەداوە خەونی ناحەزانی کورد بێتەدی ، خۆڕاگری گەلی کورد و بوونی سەرکردایەتییەکی ژیر و زانایە، کە لەگەڵ هەر پیلان و سیناریۆیەک درچەیەکی دۆزیوەتەوە و پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی بۆ ئەم گەل و نیشتیمانە ئەنجامداوە ، لە هەر شوێنکی ئەم کوردستانە و هەر کاتێک کە خەڵکەکەی تووشی سەختی و ئازار بوو ببنەوە و کێشە و یانیش داواکارییەکیان هەبوو بێت ، ئیتر چ گەورە و چ بچوک ئەوە وەک ئەرک و فریادڕەسییەک بەهەنایانەوە چووە و هەمیشەش لە سەر هێڵ بووە بۆ چارەسەرکردنی .
هەمیشە لە رۆژە سەختەکانیشدا بە ورە و ئیرادەیەکی چیا ئاساوە لە ناوە گەرماو زریان و لافاو و قوروڵیتەوە ، وەک مەشخەڵێکی رووناکی بۆ گەل و نیشتمانەکەی ئومێدی دروستکردووە . ئەوەتا لەڕووی دارایی و کاری دیجیتاڵییەوە خەریکە کوردستان بگاتە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو ، لە ڕووی رووناکییەوە دوای 34 ساڵ کارەبایی پچڕ پچڕ و بەهەدر چوونی ، خەریکە کوردستان ببێتە خاوەن کارەبایی 24 کاتژمێری ، بۆ دابیکردنی ئاو بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵیش چەندین بەنداو و پۆند لە بواری جێبەجێکردن دان و لە ساڵانی داهاتوو بەرهەمەکەی کوردستان لە رووی ئابووری و کشتووکاڵییەوە دەبووژێنێتەوە ، هەروەها هەولێری پایتەخت و دەورەبەری دوای چەندین ساڵ لە کێشەی کەم ئاویی بەرەو چارەسەری بێ ئاوی دەروات ئەویش بەڕێگەی دروستکردنی پرۆژەیەکی ستراتیژی مەزن کە لەمێژوویی هەولێر وناوچەکەدا بێ وێنە بووە .
لێرەدا گرنگە و زەرووەتە ، هەنگاوەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی کوردستان خێراتر بکرێت چونکە:
یەکەم ،، بە دامەزراندنی حکوومەتی نوێ ، وا دەکات پەرلەمانی کوردستانیش کار بۆ نووسینەوەی دەستوور بکات . چونکە دوژمنان و نەیارانی کورد لە عێراق هەمیشە بەهۆی ئەو بۆشاییەوە ئاستەنگ و فشاری زۆر دروست دەکەن ، کاتێک کوردستان خاوەن دەستووری خۆی بێت ، ئەوا هیچکات دەستی دەرەکی ناتوانێت کێشەی بۆ دروست بکات ، بینیمان کە چۆن دادگەی بەناو فیدڕاڵی عێراق چۆن پەرلەمان و کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندنەوە
دووەم ،، لەلایەکی دیکەوە، پەلەکردنی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ، بەڕەچاوگرتنی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە ، خەڵکی کوردستان چاوەروانی پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر دەکات ، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو و ئاستەنگ و قەیرانی دروستکراوی زۆر لەبەردەم هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان دروستکران ، بەڵام توانرا پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی هەر لە زاخۆوە تا هەڵەبجە دروست بکرێت و کوردستانی بردە قۆناغێکی پێشکەوتوو ترەوە ، بەدڵنییایەوە ، ڕێزدار مەسروور بارزانی ، بەپلان و کارنامەی تۆکمەتر و دەوڵەمەندتر زیاتر خزمەتی گەل و نیشتیمانەکەی دەکات .
سێیەم ،، وەک چۆن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانە دا پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی جەختی لە سەر ستراتیژی ( یەک هەرێم و یەک پەرلەمان و یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە ) کردەوە ، ئەوەش ئاماژەیەکی روونە بەو پێشهات و گۆڕانکارییەکانی کە ناوچەکەدا ڕوودەدن و رۆژ بە رۆژیش کاریگەرییەکانیان زیاتر دەردەکەون ، بۆیە زەروورەتی بوونی یەک حکوومەتی بەهێز ، بەرامبەر ململانێیەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی بەغدا گرنگی خۆی دەبێت ، بۆ هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گەشتر .
بەشیوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن کە ، هەمووان چاویان لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی کوردستان ، چونکە خەڵکی کوردستان لەرابردوو کارو هەنگاوەکانی ڕێزدار مەسروور بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی کوردستانیان بینی کە چۆن بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە ، کوردستانی بەرەو ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو لە رووی ئاوەدانی و ئابووری و چاکسازی ئیداریی و دارایی بەرەو پێشەوە ببرد ، ئێستاش بە یەک حکوومەتی بەهێز و تەبا ، زیاتر ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی کوردستان بەرەو پێشەوە دەروات ، دەبێت خۆمان بۆ قۆناغی نوێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ساز و ئامادە بکەین و هەمیشە ڕەچاوی بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان بکەین .