دیمانە – زاری كرمانجی:
بەشداری كردنی ئافرەت لە یارییە وەرزشییەكان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گرنگییەكی تایبەتی هەیە، ئەم بەشدارییە دەبێتە هۆی باشتركردنی تەندروستی جەستەیی و دەروونی ئافرەتان و هاوكات بەهێزكردنی ڕۆڵیان لە كۆمەڵگادا.
وەرزش یارمەتی ئافرەتان دەدات كە متمانە بەخۆبوونیان زیاتر بێت و بتوانن نوێنەرایەتی ناوچەكەیان بكەن لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا.
هەروەها، بەشداری كردنی ئافرەتان لە وەرزشدا یارمەتیدەرە بۆ گۆڕینی ئەو بیروباوەڕە نەرێنیانەی كە هەن دەربارەی توانای ئافرەتان، لە ڕووی ئابوورییەوە، پەرەپێدانی وەرزشی ئافرەتان دەبێتە هۆی دروستكردنی هەلی كار و بووژاندنەوەی ئابووری ناوچەكە، ئەمە جگە لەوەی كە گرنگیدان بە وەرزشی ئافرەتان نیشانەی پێشكەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی و كەلتووری كۆمەڵگایە.
مارڤین ڕەسوڵ حوسێن قوتابی لە سكوڵی وەرزشی زانكۆی سۆران سەبارەت بە گرنگی بەشداری كردنی ئافرەتان بەم شێوەیە بۆ زاری كرمانجی دوا:
بە دڵنیاییەوە زۆر پێویستە یاریزانە ئافرەتەكان لە سنووری ئیدارەی سۆران بەشداری بكەن لە یارییە وەرزشییەكان، هەروەها ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی هۆڵی لەش جوانی و كاری ناوبژیوانی و چەندەها ئەركی تر لە ڕووی وەرزشییەوە.
لە هەمان كاتدا پێویستە ئازادی بدرێتە ئافرەت بۆ ئەوەی بتوانی بە شێوەیەكی سەربەستانە ئەو خولیایەی هەیەتی بۆ وەرزش بێنێتە دی و ئافرەتانی دیكە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە و گرووپی یارییە وەرزشییەكانی ئافرەتان گەرەتر بكات و هاندەربێت بۆ پێشكەوتنیان لە بواری وەرزشی.
لە گەڵ سەرجەم پێشكەوتنەكانی ئەم سەردەمە، هەندێ جار بەشێك لە كۆمەڵگا ئاستەنگە بۆ یاریزانە ئافرەتەكان و پاڵنەر و هاندەر نین لە هەندێ دۆخدا بۆ ئەنجامدانی چالاكی لە بواری وەرزشی .
بە دڵنیاییەوە لەم سنوورە یاریزانە ئافرەتەكان توانایەكی لە ڕادەبەدەری وەرزشییان هەیە پێویستە سوودیان لێ وەربگیرێت و زەمینە سازی وەرزشیان بۆ بكرێت و یانەكان زیاتر تیپ لە یارییە جۆراو جۆرەكان بۆ ئافرەتان دروست بكەن و بەشداری بكەن لە پێشبڕكێ و پاڵەوانیەتییە وەرزشییەكان لە هەرێمی كوردستان.