لێزان ژیار – سۆران:
جێگای خۆشحاڵییە كە دەبینین یانەكانی كوردستان لە زیاد بووندان و هەر وەك لە ساڵانی ڕابردوو چەندین شار و شارۆچكە مافی یانەیان پێدرا لە لایەن حكوومەتەوە، بۆیە گرنگە یانەیەكی وەرزشی درووست ببێت چونكە لە سەنتەری ناحیەی سرێشمە و گوندەكانی دەورووبەری چەندین تیپی میللی بەهێزی تۆپی پێ و تیپی بالە هەن، كە چەند ساڵێكە لە ژێر ناوی هەڵبژاردەی سرێشمە بەشداری لە پاڵەوانیەتییەكانی كوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەن و ئەنجامی دڵخۆشكەریان بە دەستهێناوە.
بە دڵنیاییەوە لاوانی ئەم ناوچەیە توانای ئەوەیان هەیە بەشداری لە خولەكانی كوردستان و كێبركێی بە دەست هێنانی نازناوەكانی كوردستان بكەن بە یاریزان و وەرزشوانانی ناوەخۆی دەڤەرەكە، ئەوەی تێبینی كراوە لە ئێستادا گەنجان و لاوانی سرێشمە هەمیشە كار لەسەر تواناكانی خۆیان دەكەن بۆ زیاتر بەرەو پێشبردن و گەشەی ئاستییان لە ڕووی هزری و جەستەییەوە كە ئەمەش خاڵێكی ئەرێنی و چاكە، ئەم سنوورە چەندین وەرزشوانی چالاك و بەئەزموونیان هەیە، كە ئامانجی یاریزانەكانی ناحیەكەیە زیاتر گەشە بكەن و خزمەت بەوەرزش بكەن لە ناوچەكە و هەموو كوردستان.
جێگای ئاماژەیە نزیكەی (٢٠) تیپی میللی تۆپی پێ لە تەواوی ناحیەی سرێشمە هەیە، (٥) تیپ لە ئاستێكی زۆر بەرزی وەرزشین بەردەوام كێبركێی بەهێز دەكەن لە خول و پاڵەوانیەتییەكانی ئیدارەی سۆران و كوردستان، لە لایەكی دیكەوە تیپی تۆپی بالەی سرێشمە هەردەم یەكێك بووە لە تیپە بەهێزەكانی سۆران و هەمیشە زەنگی مەترسی بۆ تیپەكانی بەرامبەر لێدەدات، بۆ نموونە “كاپتن لوقمان مەلا و گرژۆ سرێشمەیی” یەكێكن لە بەهێزترن و باڵاترین ناوەكانی تۆپی بالەی هەولێر و كوردستان كە سەرجەم وەرزشوانان شانازی پێ دەكەن، و هەموو ئەمانەش دەتواندرێت سەرجەم یاریزانانی تۆپی پێ و تۆپی بالە و تێنس لە ژێر چەتری یانەی وەرزشی سرێشمە كۆ بكرێنەوە، بۆ ئەوەی وەرزشوانان بتوانن گوزارشت لە ناوی دەڤەرەكەیان بكەن.