د. ئازا كامەران – زاری كرمانجی:
لە دنیای ئەمڕۆدا، وەرزش تەنها چالاكییەكی جەستەیی نییە، بەڵكو بووەتە هێزێكی كاریگەر بۆ ناساندنی كەلتوور و شوناس و تەنانەت خەباتی سیاسی گەلان، زۆرێك لە نەتەوەكان توانیویانە لە ڕێگەی وەرزشەوە خۆیان بە جیهان بناسێنن و ئاڵای خۆیان بەرز بكەنەوە لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەكاندا.
بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان دەتوانێت هەمان ڕێگا بگرێتە بەر و وەرزش بكاتە پردێك بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكانی و گەیشتن بە سەربەخۆیی و بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە نێوان وڵاتاندا، یانەی بەرشەلۆنە نموونەیەكی سەركەوتوو و زیندووە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا لە بەكارهێنانی وەرزش بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەیی و زیاتر نیشاندانی دیوی جوانی هەرێمی كەتەلۆنیا، بێگومان یانەی بەرشەلۆنە زۆر زیاترە لە یانەیەكی وەرزشی چونكە ئەم یانەیە بۆتە هێمای كەلتووری كەتەلۆنیا و خەباتی شوناسخوازانەی گەلی كەتەلۆنی بە دروشمی “Més que un club” واتا (ئێمە زیاترین لە یانەیەك) لێرەدا بە ڕوونی پەیامی ئەم یانەیە و هاندەرانی دەردەخات لە ڕێگای وەرزشەوە خەبات دەكەن بۆ سەربەخۆیی هەرێمەكەیان.
لە سەردەمی دیكتاتۆرییەتی فرانكۆی ئیسپانی، كاتێك زمان و كەلتووری كەتەلۆنی قەدەغەكرابوو، كامپ نۆ (یاریگای بەرشەلۆنە) تاكە شوێن بوو كە خەڵك دەیانتوانی بە ئازادی بە زمانی كەتەلۆنی قسە بكەن و هەستی نەتەوەیی خۆیان دەرببڕن، بەرشەلۆنە نەك تەنها لە یارییەكاندا، بەڵكو لە ڕێگەی دامەزراوە كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكانی خۆیەوە، هەوڵی داوە كەلتووری كەتەلۆنی بپارێزێت و بڵاوی بكاتەوە، و ئاڵا و لۆگۆی ئەم هەرێمە لە هەموو جیهان بدرەوشێتەوە.
ئەمڕۆ، هەر كاتێك بەرشەلۆنە یاری دەكات، سەدان ملیۆن كەس لە سەرانسەری جیهان سەیری دەكەن، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كەتەلۆنیا وەك هەرێمێكی تایبەت بە كەلتووری خۆی بناسرێت، سەرەڕای ئەوەی كە هێشتا بەشێكە لە ئیسپانیا بەڵام یانەكە لە ڕێگەی جلوبەرگەكانی، هێما و دروشمەكانی، شوناسی كەتەلۆنی بە میللەتانی دونیا دەناسێنێت.
هەرێمی كوردستان خاوەنی ڕابردووێكی درێژ و دەوڵەمەندە لە بواری وەرزشی نەتەوەیی و كەلتووریدا، چەندین یاری وەرزشی هەن لە ئێستادا بوون بە بەشێكی گرنگی كەلتووری كوردی، بەڵام ئەوەی جێگای داخە تا ئێستا، كورد نەیتوانیوە وەكو نەتەوەیەكی سەربەخۆ لە زۆربەی پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەكاندا بەشداری بكات.
كوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە كە ببێتە ناوەندی وەرزشی لە عێڕاق و ناوچەكەدا، بە تایبەت لەو كاتەی بتوانین ژێرخانێكی پێشكەوتووی وەرزشی فەراهەم بكەین، وەك یاریگا، هۆڵ و دامەزراوەكانی مەشق و ڕاهێنان، بەدڵنیاییەوە هەرێمەكەمان لە بواری وەرزشییەوە لەم ساڵانەی دواییدا بەرەو پێشچوونێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەی جێگای سەرنج و بایەخە كەشوهەوای كوردستان بۆ زۆر جۆری یاری وەرزشی گونجاوە، بەتایبەت وەرزشی زستانی لە ناوچە شاخاوییەكان و وەرزشی ئاوی لە ناوچەكانی نزیك ڕووبار و دەریاچەكان كە ئەمەش چانسێكی زێڕینە ئێمە بتوانین سوودی لێ ببینین و بەكاریان بهێنین بۆ خزمەتی كوردستان.
لێرەدا ئەوەی گرنگە لەسەر دامەزراوە وەرزشییەكان وەبەرهێنانی زیاتر لە وەرزشدا بكات، وەك یاریگای نێودەوڵەتی، هۆڵی فرەچالاكی، و ناوەندی ڕاهێنانی پیشەیی ئەكادیمی بۆ یاریزانان، ئەمە دەتوانێت وەك هەنگاوی سەرەتا كوردستان بكاتە خانەخوێی پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەكان لە عێڕاق و ناوچەكە.
هەروەها زندووكردنەوەی وەرزشە فۆلكلۆرییەكان ئێمەی كوردستانی چەندین یاری وەرزشی جوانمان هەیە بەشێكیان ئەگەر ئاوڕێكی جدی لێ نەدرێتەوە خەریكە دەمرن و وون دەبن بۆیە پێویستە ڕابردووی خۆمان لە یاد نەكەین و ڕێزی لێ بگرین و كارێك بكەین ئەو یارییە وەرزشیانە بە زیندوویی بهێڵینەوە و هەوڵدان بۆ ناساندنی وەرزشە نەتەوەییەكانی كورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
لە لایەكی دیكەوە دامەزراندنی سیستەمێكی پەروەردەی وەرزشی باش لە ئاستێكی باڵا لە قوتابخانەكان و زانكۆكاندا، بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی یاریزانە بەهرەدارەكان و بەهێزكردنی پێشبڕكێ و چالاكییە وەرزشییەكان لەم ناوەندە ئەكادیمی و زانستییانە و بەرزكردنەوەی ئاستی وەرزشییان.