نوسین: شەفیع عوسمان خزر عالی (شیكاری كیمیایی پزیشكی)
نەخۆشی تای خوێن بەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە، لەرێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ بەهۆی بەركەوتنەوە، دواتر لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر لە رێگەی شلەو خوێنەوە دەگوازرێتەوه
تای خوێن بەربوون، یەكێكە لە نەخۆشیە درمەكان بەهۆی ئەم ڤایرۆسە (Crimean Congo Hemorrhagic Virus) مرۆڤ تووش دەبێت وە دەبێتە هۆی لە كارخستنی چەند كۆئەندامێكی لەش لە زیندە چالاكی ئەویش لە ڕێگای ئەو كاریگەرە زیان بەخشەی لەسەر موولولەكانی خوێن دروست دەكات و دەبێتە هۆی دەرچوونی شلەی خوێن تێیدا وە هەروەها لە كاركەوتنی كرداری خوێن مەیین وە دروست بوونی جەڵتە وە خوێن بەربوونێكی زۆر كە مەترسیە لەسەر ژیانی تووش بووەكە هەیە .
نیشانەكانی توشبوون بە تای خوینبەربوون :
تای بەرز، ئازاری ماسوولكە و سەرسوڕان و ئازاری مل و پشت ئێشە و سەرئێشە و سووربونەوەی چاو و هەستەوەرزیاد دەبێ بەرامبەر ڕووناكی، بەڵام ئەو نیشانانەی لە سەرەتای نەخۆشی سەرهەڵدەدات بریتییە لە هەست كردن بە دڵ تێكهەڵچوون و ڕشانەوەو سكچوون، ئازاری سك لە بەشی سەرەوەی لای ڕاست و سووربونەوەی قوڕگ دواتر باری تەندروستی نەخۆش خراپتر دەبێت وەك بێ هێزی و خەوالوو و توانای هەستانەوەی نامێنێ، دلە كووتە و دەركەوتنی پۆركی سوور لەسەر پێست.
ڕێگاكانی خۆپاراستن لە توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون:
1- دووركەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەرشەقامەكان بە نایاسایی.
2- ئەو كەسانەی گۆشت فرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە پزیشكییەكان پەیڕەوبكەن، وەك بەكارهێنانی دەستكێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوكات بەكارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەوەی نزیك نەبنەوە لە ئاژەڵەكان، ئەو كەسانەش كە سەردانیان دەكەن بەمەبەستی كڕین دەبێت بە ئاگابن.
3- نەچوونی مرۆڤ، بۆ ئەو شوێنانەی كە گەنە و مێرووەكانی لێیە.
ئەم نەخۆشی تای خوێن بەربوونە، لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٤٤ لە جەنگی جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، %٤٠ ئەو كەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
گەنە چی یە؟چۆن مرۆڤ توشی تای خوێن بەربوون دەكات
گەنە یان زچ یاخود لچ (بە ئینگلیزی: Tick)، گیانەوەرێكی مشەخۆری كۆمەڵەی بێ بڕبڕەكانە و جۆرێكی مێروو نییە، بەڵكو لە تیرەی بوونەوەرە جاڵجاڵۆكەییەكانە و پەیوەندی و پەیوەستی بە دووپشك و جاڵجاڵۆكەكانەوە هەیە، نشینگەكەی هەموو وڵاتەكانی كیشوەرە جیاوازەكان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەكی باشوور، جێگەی ژیان كردنیشی درەخت و تەختەكانە لەگەڵ جەستەی گیانەوەر و مرۆڤەكان، نزیكەی ١٠٠٠ جۆری جیاوازی هەیە كە ڕێژەیەكی باشیان هەیە، واتە مەترسی و هەڕەشەی گەورەی لەناوچوونیان لەسەر نییە، هەندێك لە جۆرە بەناوبانگەكانی دەبنە هۆی خوران و هەستیاری پێست یاخود چەندین نەخۆشی جیاواز، هەروەها لەبەر ئەوەی لە ماڵ و دەرەوەشدا بوونیان هەیە پێویستە مرۆڤەكان ئاگاداربن و تووشیان نەبن، بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە ئاژەڵی ماڵی وەك پشیلە یاخود سەگیان هەیە دەكرێت لە هەر كاتێكدا تووشببن.
شێوەی دەرەوەی :
جەستەی گەنە بە پێستێك داپۆشراوە كە ڕەنگەكەی دەكرێت قاوەیی یاخود ڕەش بێت، ئەم مشەخۆرە قەبارەیەكی بچووكی هەیە و درێژییەكەی دەگاتە ٣ میلیمەتر یاخود زیاتر، شێوەی دەرەوەی ساكارە لە سەر و سنگ پێكهاتووە لەگەڵ چوار جووت قاچ، بەڵام لە قۆناغی كرمۆكەیدا ژمارەی قاچەكانی سێ جووتن، هەروەها لە هیچ قۆناغێكی ژیانیدا شاخ و قۆچی هەستیاری نییە لەسەر سەریدا، جگە لە ئەمانەش لەناو دەمیدا ددانی هەیە و لە هەندێك لە تەنیشتەكانیشیدا پێكهاتەی درێژبووی وەك دڕكی پێوەیە، شێوازی گواستنەوەی گەنە لە جێگەیەكەوە بۆ جێگەیەكی تر بە فڕین و بازدان نییە، بەڵكو بە خشان و خلیسكان دەجووڵێت یاخود هەندێكجار لە جێگەكەیەوە بەردەبێتەوە، ئاسانترین شێواز بۆ ناسینەوەی گەنەكان لە ڕێگەی ڕەنگی قەڵغانەكەیانەوەیە، بۆ نموونەی گەنەی ئاسك هەموویان یەك ڕەنگ قەڵغانیان هەیە لەكاتێكدا جۆرەكانی تر ڕەنگی جیاوازیان هەیە، یاخود هەندێكیان خاڵ و نیشانەی تایبەتیان هەیە كە بە چاویش دەبینرێن و دەناسرێنەوە.
شێوازی زۆربوون بە دانانی هێلكەیە، كاتی هەڵهاتنی بێچووەكانیش دەكرێت ڕاستەوخۆ بێت یاخود نزیكەی سێ مانگ بخایەنێت، بەگوێرەی جۆرەكەی ماوەكەش دەگۆڕێت، هەروەها مێینەكانی گەنە لە هەر جارێكدا ٢-١٨ هەزار هێلكە دەكەن، هەر تاكێكی گەنە بە چوار قۆناغدا تێدەپەڕێت كە بریتین لە هێلكە، كرمۆكە، پێكزڕە لەگەڵ قۆناغی پێگەیشتوو، دوای هەڵهاتنی بێچووەكان لە هێلكە پێویستە خۆراك بەدەستبێنن و گەشەی خۆیان تەواو بكەن، هەر قۆناغێكیش ماوەیەكی كورت خایەنە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەروەها سوڕی ژیانی هەر تاكێكی گەنە لە نێوان ٢-٤ ساڵ دەبێت واتە تەمەنێكی زۆر درێژیان نییە.
باوترین جۆرەكان :
گەنەی سەگی ئەمریكی
گەنەی سەگی قاوەیی
گەنەی ئاسك
گەنەی ڕۆژئاوایی قاچ ڕەش
گەنەی تەختەی بەردەڵانەكان
گەنەی كەناری خلیج
گەنەی تاك ئەستێرە
ڕێگریكردن لە تووشبوون :
سێ هەنگاوی سەرەكی هەیە كە كورتكراوەی شێوازی ڕێگریكردنە لە تووشبوون بە ئەم جۆرە مشەخۆرە، هەر هەنگاوێكیش بە گوێرەی ئەوەی گەنە لە ماڵ یاخود لەسەر جەستەی ئاژەڵ و مرۆڤ هەیە دەگۆڕێت، هەنگاوەكان بریتین لە ئەمانە:
پاككردنەوە :
بۆ نموونە ئەگەر گەنە لە باخچەدا هەبێت پێویستە جێگەكە گژوگیا و گەڵای هەڵوەریو و تەختەكانی لاببرێت هەروەها زبڵ و خاشاكەكەشی دەربكرێت، بەڵام ئەگەر تووشی مرۆڤ ببێت پیویستە بە پارچە قوماشی تایبەت تاكەكانی گەنەكە هەڵبگیرێن و بۆ دوورترین مەودا لە جەستە دووربخرێنەوە، هەروەها ئەگەر ئاژەڵی ماڵی بێت ئەوا پێویستی بە پاككردنەوە و لابردنی مشەخۆرەكەیە.
چارەسەركردن :
بەكارهێنانی ماددەی خاوێنكەرەوە بۆ تەواوی جەستە، یاخود ماددەی كوژەر بۆ جێگەكانی ناوماڵ، هەروەها لە دۆخی نائاساییدا پێویستە گەنەیەك هەڵبگیرێت و ببرێت بۆ پزیشك هەتاكوو پزیشكەكە دەرمانی گونجاوی بۆ پێشنیار بكات، كاتێكیش ئاژەڵی ماڵی هەبێت پێویستە بەگوێرەی پێویستی مانگەكان دەرمان و چارەسەر لە دژی مشەخۆرەكە وەربگیردرێت.
ڕێگریكردن :
ئەگەر بۆ باخچە بێت پێویستە كەلوپەل و ئامێرەكان لە درەخت و تەختەكان دوور بخرێنەوە، هەروەها پەرژینێك دروستبكرێت كە ڕێگریبكات لە هاتنی گیانەوەرەكان، چونكە ئەگەری هەیە كە گیانەوەرەكانی دەرەوە هەڵگری گەنە بن، ئەگەر مرۆڤیش بێت پێویستە هەركاتێك كە لە دەرەوە دێتەوە لە ماوەی دوو كاتژمێردا خۆی بشوات و خاوێن ببێتەوە، جلوبەرگ و كەلوپەلەكانیشی بشۆردێن بەڵام بۆ ئەوەی بەتەواوی دڵنیابیتەوە لە نەمانی پێویستە بدرێتە بەر گەرمی بەرز بۆ ماوەی ١٠ خولەك، چونكە ئەگەر مشەخۆرەكەی پێوەمابێت ئەوا بەم ڕێگایە دەمرێت و لەناودەچێت.