منسور سبحی – زاری كرمانجی:
لە قەزای سۆران ژمارەیەك كارگەی دروستكردنی زێڕ بوونی هەیە و رۆژانە بڕێكی زۆر بە شێوازی نوێی و دیزانێكی جوانەوە دەخەنە بازاڕ.
راغب حاجی رەفیق سەرپەرشتیاری یەكێك لە كارگەكانە و لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی دا باس لە دروستكردن و دیزاینكردنی زێڕ دەكات و دەڵێ:” كارگەكەمان لە ساڵی 2007 دروستكراوە و بە ئامێری پێشكەوتووی ستاندارد زێر دەخەینە بازاڕ”،
راغب باس لە جۆری ئەو زێڕانەش دەكات كە لە كارگەكەی ئەواندا كاری لەسەر دەكرێت و دەڵێ:” ئەو زێڕەی بەكار دەهێنریت لە وڵاتانانی ئیمارات و توركیا هاوردە دەكرێت و بەشێكی تریشی ئەو زێڕەیە كە هاووڵاتییان دەیفڕۆشنەوە، لێرە جارێكی تر دەیتاوێنینەوەو بە دیزاینێكی نوێ دەخەینەوە بازاڕ”،
راغب لەبارەی ئەو ماددانەی بۆ تواندنەوەی زێر پشتی پێ دەبەستن دەڵێ: ” پۆدرە و بۆرە لەگەل ئۆكسجین و غاز و رۆنی تایبەت بە قاڵبی زێر ئەو ماددانە بەكاردەهێنین بۆ تواندنەوەی زێڕەكە و دواتر زێرەكە دەكرێت بە قاَلب و پاشان لە رێگای ئامێرێكی تایبەت كە پێی دەگوترێت (چەرغ) زێرەكان رادەكێشرێن و پان دەكرێنەوەو پاشان لەرێگای ئامێرێكی تر پێی دەگوترێت (مقەسی لیرە برین) زێرەكان دەبڕدرێن و دەكرێنە لیرە، دواتر لە رێگای لێزەرەوە بە پێی خواستی كریاڕ دیزاین دەكرێن و پاشان بە گیراوەیی تایبەتی مایی حامز و زاج و ئەسیل كە تایبەتن بە زەرد كردنەوەی زێر دوا كاری لەسەر دەكرێت و ئەوجا دەخەینە بازاڕەوە”،
لە بارەی گرانی حەق دەستەوە دەڵێ:” هۆكاری گرانی دەست حەقی دروستكردنی زێڕ بۆ گرانی نرخی كەلوپەلی بەكارهاتوو لە پرۆسەكە دەگەڕێتەوە، بۆ دروستكردنی تاخمێكی بازن تێچووەكەی زیاترە لە 150 دۆلاری ئەمریكی، هەر پێنج غرامێك لە زێر یەك مسقاڵە”،
رۆژانە هەروەكو راغب ئاماژەی بۆ دەكات زیاتر لە دوو كیلۆ زێڕ دیزاین دەكەن و بە چەندین قۆناخی جیاواز دەیخەنە بازاڕەوە، لە بارەی خواستی هاووڵاتییانیشەوە دەڵێ:” خواستی هاووڵاتییان بۆ كڕینی زێڕ بە پێی بەرز و نزمی نرخی زێڕە لە بازاڕدا”.