“کۆمەڵێک بیروباوەڕی نەریتی هەن سنوور بۆ مێینە دادەنێن”
“بەربەستی ئابووری گەورەترین كێشەی ئافرەتانە”
“پەراوێز خستن لە کاتی بڕیاردان نائومێدی ژن بەرهەم دێنێت”
“زۆرجار هۆکاری دەرکەوتنیان بۆ خودی ئافرەتان روون نیە”
رێزان محەمەد مەلا، چاڵاكی بواری ئافرەتان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها وەك خانمێك لە بواری سیاسیش رۆڵی هەیە، دەرچووی بەشی بزنسە، بەرگریكارێكی سەرسەختی مافی ئافرەتان. ئەو پێی وایە ” لە هەموو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوودا، رۆڵی ئافرەتان وەک تیشکی خۆر وایە کە گەرمی و ژیان دەبەخشێت. هێزی ئافرەتان تەنها لە بوونیاندا نییە، بەڵکو لە کاریگەرییە قووڵەکەیانە کە رەوتی مێژوو دەگۆڕێت؛ ئێمە لە سەرەتای رێگایەکداین کە رێز لەم هێزە دەگرێت و ئاسۆی گەشەی کۆمەڵگا فراوانتر دەکات.”
ئا/ زاری كرمانجی
* رۆڵی ئافرەتان لە چاڵاكییەكان بە تایبەتی لە سۆران زیاتر روكەشن هۆكارەكەی چییە ؟
-رۆڵی ئافرەتان لە چالاکییەکاندا، بەتایبەت لە ناوچەی سۆران، بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە چەندین هۆکارەوە هەیە.
کولتوور و نەریتی کۆمەڵایەتی، هێشتا کۆمەڵێک بیروباوەڕی نەریتی هەن چوارچێوەیەکی سنووردار بۆ ئافرەتان دادەنێن، زۆرجار پەروەردەی کچان لەسەر بنەمای متمانە بەخۆبوون و سەربەخۆیی نەبووە، هەروەها کەمی ژمارەی ئافرەتانی سەرکەوتوو، پێشەنگ کە ببنە نموونە بۆ ئەوانی دیکە.
* ئەو ئافرەتانەشی دەیانەوێت شوێن پەنجەیان دیار بێت خاوەن بیرۆكەی قوڵ وجددی نین هۆكارەكەی بۆ چی دەگەڕێنییەوە ؟
– سیستەمی پەروەردە و فێرکردن کە زۆرتر پشت بە لەبەر کردن دەبەستێت نەک هاندانی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، هەر لە قۆناغی سەرەتای تا کۆتا قۆناغ ئەمەش دەبێتە هۆی نەبوونی بیرۆکە، هەروەها کەمی پشتگیری راستەقینە .
زۆرجار ئافرەتان هان دەدرێن بۆ بەشداریکردن، بەڵام پشتگیری دارایی، تەکنیکی و ستراتیژی پێویستیان بۆ ناکرێت.
فشاری کۆمەڵایەتی، ئەگەری هەیە ئافرەتان لەژێر فشاری “زوو دەرکەوتن” بن، بۆ ئەوەی لە چاڵاکییەکاندا بەشدار بن، بێ ئەوەی کاتی پێویستیان هەبێت بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەکانیان. زۆرجار هۆکاری دەرکەوتنیان روون نیە لای خودی ئافرەتەکە.
* هەندێك لە ئافرەتان باس لەوە دەكەن زەمینەیەكی لەبار بۆ چاڵاكبوونی ئافرەتان هێشتا لەبار نییە، ئەمە تا چەند راستە؟
– بەڵێ، ئەو بۆچوونەی کە هێشتا زەمینەکە بۆ چاڵاکبوونی ئافرەتان لەبار نییە، تا رادەیەک راستە. چونکە كەمی پشتگیری دامەزراوەیی زۆربەی دامەزراوەکان ئەو کولتوورەیان نییە کە بتوانن تایبەتمەندییەکانی ئافرەتان رەچاو بکەن، هەروەها نەبوونی یاسای پارێزەر یاساکانی پاراستنی ئافرەتان لە جیاکاری ئەستەمە جێبەجێ بکرێن، هەبوونی بەربەستی ئابووری لەبەر ئەوەی زۆرجار ئافرەتان دەستیان بە سەرچاوەی دارایی ناگات وەک پیاوان.
* سەنتەرەكان و رێكخراوەكان تا چەند توانیویانە زەمینەی هاتنە پێشی ئافرەتانی خاوەن توانا بڕەخسێنن ؟
– رێکخراوەکان هەوڵیان داوە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەم هەوڵانە کورتخایەنن پرۆژەکان زۆرجار بەردەوام نین و پەیوەستبوونی درێژخایەن نییە. ستراتیژی تۆکمە نییە. زۆربەی پرۆژەکان لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی ژمارەیەک ئافرەت دانراون، نەک پلانێكی تۆکمە بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان.
کەمی پرۆفیشناڵیزم هەندێک جار کەسانی شارەزا لەم بوارەدا کەمن، گەر هەشبن دیار نین لەو شوێنەی کە دەبێت ئامادەیان هەبێت .
* ئەو ئافرەتانەشی كە ماوەیەك رۆڵ دەبینن لە ناكاو وون دەبن و بە نا ئومێدی دەكشێنەوە هۆكارەكەی چییە ؟
– ئەو دیاردەیەی کە ئافرەتان لە ناکاو وون دەبن پەیوەندی بە چەند هۆکارەوە هەیە ،
ئافرەتان ناسکترن لە رووی هەست و عاتیفەوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ هەستکردن بە تەنیایی زۆرجار ئافرەتەکان هەست بە تەنیایی دەکەن و پشتگیریان ناکرێت.
هەروەها پەراوێز خستنیان لە کاتی بڕیاردان و دانانی پلانی كار، ئەمەش وادەکات نائومێد بن و هەست بەوە بكەن کە هەوڵەکانیان کاریگەری راستەقینەی نییە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ساردبوونەوە، فشارە کۆمەڵایەتییەکان و رەخنەی ناڕەوا و قسەی ناشیرین بەرامبەر بە ئافرەتانی چالاک ئەمانە هۆكارن.
* زۆرجار ئەو كچانەی زۆر چاڵاكن لە دوای هاوسەرگیری ئیتر دیار نامێنن، ئەمە بۆ ؟
-پاش هاوسەرگیری، کچان و ئافرەتان لەبەر ئەم هۆکارانە دیار نامینن، ئەرکی خێزانی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، زۆربەی ئەرکی خێزان دەکەوێتە سەر شانی ئافرەت، زۆری ئافرەتەکانمان خۆیان وا هەست دەکەن ئەم ئەرکە تایبەتە بە خودی ئافرەتەکە خۆی، کە پێویستە لەو بیر كردنەوەی بێنە دەرێ، هەروەها نەبوونی پشتگیری هاوسەرەکان، كاتێ لە دەرەوەی ماڵ چاڵاكن، کەمبوونەوەی کات بۆ بەشداریکردن لە چالاکی دەرەوەو نەزانینی رێکخستنی سیستەمی کات، گۆڕانی پێشینەکان بایەخەکان دەگۆڕدرێن و خێزان دەبێتە پێشینە.
* لە بۆنەكان هەوڵ دەدرێت زۆرترین ئافرەت یا كچ كۆ بكەنەوە، ئەمە بەكار هێنانی مێینە نییە بۆ رووپۆش كردن؟
– بەڵێ، زۆرجار لە بۆنەکاندا ئافرەتان تەنها بۆ جوانکاری و پڕکردنەوەی ژمارە بەکاردەهێنرێن بەبێ ئەوەی رۆڵێکی راستەقینەیان هەبێت. ئافرەتان بۆ ئەمجۆرە بەکار هێنانە ملکەچ دەبن لەبەر هەلی بەشداریکردن، چونکە هەندێکجار ئەمە دەرفەتە بۆ بەشداریکردن لە هەر چاڵاکییەک.
هەستی پێویستی بۆ سەلماندنی خۆیان، وابیر دەکەنەوە ئەمە رێگایەکە بۆ سەلماندنی بوونیان. هەندێک جاریش نەبوونی ئاگایی لەسەر ئەم جۆرە بەکارهێنانە هۆكارە.
* هەست ناكەی ئەو قسانەی لەسەر چاڵاكبوونی ئافرەتان دەگووترێت تەنها قسە و جەوهەری سەر وەرەقەیە؟
– بەڵێ، بەشێکی زۆری ئەو قسانەی لەسەر چالاکبوونی ئافرەتان دەگوترێن تەنها دروشمن بە هۆی نەبوونی ستراتیژی کردەیی، زۆربەی پرۆژەکان لەسەر بنەمای وشە دانراون، نەک کردار، بۆیە دواجار گوتنەکان دەبن بە دروشم، هەروەها کەمی لێپرسینەوە، هەموومان دەزانین هیچ سیستەمێکی لێپرسینەوە نییە بۆ بەدواداچوونی بەڵێنەکان.