“لە هەموو کۆمەڵگەیەک سەرپێچی و پێشێلی یاسایی هەیە”
“پێویستە ڕووحی یاساکان بەهێزبێت تا هێزی جێبەجێکردنیان هەبێت”
“ئەو یاسایانەی دەرچوێندراون گرنگی بە مافی ئافرەتان دراوە”
” کۆمەڵگەی ئێمە قۆناغی بیری پیاوسالاری تێنەپەڕاندووە”
پارێزەر ناسکە ئەحمەد حەویز، خاوەن ماستەر لە یاسای گشتی، لە بارەی گرینگی هۆشیاری یاسایی ئافرەتی كورد بۆ بەدەستهێنانی مافەكان و ڕێگری كردن لە هەر غەدرێك لێ دەكرێت، بۆ زاری كرمانجی دوا.
پارێز ناسكە، لە سەرەتای قسەكانیدا گووتی ” یاسا پەناگەیەکی مرۆڤە بۆ گێڕانەوەی مافەکانی، لە لایەکی تر ئامرازێکی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی. بەمانایەکی تر یاسای کلتورێکی گشتی باوە لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا. بۆیە بۆتە پێویستیەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە ئاشنایەتی و هۆشیاری یاسایی هەبێت بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانی و جێبەجێکردن و پابەندبوون بە ئەرکەکانی لە چوارچێوەی کۆمەڵگە. واتە بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری یاسایی لە کۆمەڵگە دەروازەی یەکلا کەرەوەیە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی ژینگەیەکی شایستە و گونجاو بۆ ژیانی مرۆڤایەتی وهاتنە کایەوەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو شارستانیانە.
کەواتە بە شێوەیەکی گشتی مەبەست لە هۆشیاری یاسایی زانینە بەرامبەر ماف و ئەرکەکان و پیادەکردنی لە ژیانی پراكتیكیدا ئەمەش لە پێناو گەیشتن بە شێوازێکی ژیانی جوانتر و باڵاتر. وەک (ئەرستۆ) دەڵێت مرۆڤ کاتێک بەرزدەبێتەوە کە یاسا جێبەجێ دەکات. هەر سەبارەت بە هۆشیاری یاسایی (لۆرانس) دەڵێت هۆشیاری یاسایی تۆڕی بەها و هەڵویستەکانە پەیوەست بە یاسا کە مرۆڤ کەی و چۆن و بۆچی ڕووی تێ دەکات.
سەبارەت بە ئاستی هۆشیاری یاسایی تاکی کورد، ئەم پارێزەرە پێیوایە ئێستا بەرەو بەرز بوونەوە دەڕوات و روونیكردەوە” بەهۆی پێشکەوتنی ئامرازەکانی گەیاندن و زۆربوونی دەرچوانی یاسا و کۆلیژە یاساییەکان قۆناغ دوای قۆناغ بەرەو باشتر دەڕوات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو کۆمەڵگەیەک بەجۆر و ئاست و ڕێژەی جیاواز سەرپێچی و پێشێلی یاسایی بوونی هەیە، بەتایبەت دوای گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان و کرانەوەی کۆمەڵگە جۆر و شێوەی نوێی سەرپێچی یاسایی و تاوان دێنە کایەوە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەش دەگەڕێنەوە سەر بیرۆکەی (مۆنتیسکۆ) کە پێویستە ڕوحی یاساکان بەهێزبێت بۆ ئەوەی دەسەڵات و هێزی جێبەجێکردنیان هەبێت. بەڵام لە کۆتایی هەموو ئەمانەشدا بەگوێرەی ڕێسایەکی یاسایی کە دەڵێت ( نەزانین دەربارەی یاسا بە پاساو دانانرێت بۆ ڕزگاربوون لێیان و ئەنجام دانی سەرپێچی، بۆیە پێویستە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بە گوێرە و ئاست و مستەوای جیاواز هۆشیاری یاسایی هەبێت بۆ ڕێکخستنی کاروباری ژیانی ڕۆژانەی بەشێوەیەکی یاسایی و ئاسایی و تەندروست.
لە دیدی ناسكەی پارێزەر، کەمی پەنابردنی ئافرەتان بۆ یاسا چەند هۆكارێكی هەیە و روونیان دەكاتەوە ” دەکرێت بڵێین دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری جیاجیا پەیوەست بە خودی ژیانی خێزانی ئافرەت، لە سەرووی هەمووشیانەوە هۆکاری کۆمەڵایەتی وکۆتوبەندە نەریتیەکان کە زیاتر ئاستەنگن لەبەردەم ئافرەتان بۆ پەنابردنیان بەر یاسا و دادگە لە کاتی رووبەڕوو بوونەوەی کێشەکان و پیشێلکردنی مافەکانیان دروستدەکات. لە لایەکیتر پەیوەستە بە نەبوون و کەمی ئاستی هۆشیاری یاسایی و نەبوونی پشتگیری خێزانی. لە هەمانکاتدا خۆشبەختانە ساڵ بەدوای ساڵ ئەمە لە گۆڕاندایە باشتر دەبێت دەربارەی درک کردن بە مافەکانیان و پەنابردنە بەریاسا بۆ بەدیهێنانی چارەسەری کێشەکان.
لەسەر پرسی چارەسەرکردنی بەشێكی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە دەرەوەی یاسا و دادگە، گووتی ” ئەم بابەتە بەرەوە کەم بوونەوە دەچێت، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین خودی یاسا بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەو لە یاسادا (ئاشتەوای، صلع) هاتوو و ئەحکامەکانی ڕێکخراون وەک ڕێگایەک بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، واتا ئەم بابەتە لە یاساشدا ڕێکخراوە، بەڵام جێبەجێکردن و پەنابردن بۆ ئەم ڕێگایەش دووبارە پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری تاک، و ئەمەش خاڵیی نییە لە سوود و زیان، چونکە لەلایەک ئەگەر ڕێگایەک بێت بۆ چارەسەری کێشە لەلایەکی تر دەکرێت بڵێین نەگونجاوە، چونکە ڕێگا خۆشکەرە بۆ گەڕانەوەی دابونەریتە کۆمەڵایەتییە چەق بەستووەکان و هێنانەدی نادادی کۆمەڵایەتی و پێشێلکردنی ماف، لە هەمانکاتیش بێ متمانەی بەرامبەر یاسا و دادگە لە لایەن خەڵک دروستدەکات، بۆیە پێویستە هەوڵی کەمکردنەوەی بدرێت و ماددە یاساییەکانی پەیوەست بەم بابەتەش هەموار بکرێنەوە لەبەر ئەوەی بۆ زەمەنێکی دیاریکراو دانراون و هەڵوێستە و مواکبەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ئێستای کۆمەڵگە ناکەن.
دەربارەی گرنگی هۆشیاری یاسایی ئافرەتان، لە كاتی رووبەڕوو بوونەوەی هەر كێشەیەك پارێزەر ناسكە دەڵێت ” زۆر گرنگە هەر ئافرەتێک تاڕادەیەک ئەم هۆشیارییەی هەبێت بۆ ئەوەی باشتر و ئاسانتر بتوانێت ڕێگری لە پێشێلکردن و دەستدرێژیکردن بۆ ژیان و مافەکانی بکات و لە کاتی کێشەکانی درک بە مافەکانی بکات و پەنا بباتە بەر یاسا و دادگە بەرگریی یاسایی بەدەست بهێنێت، هەروەها ئەو ئافرەتانەی کە شێوازی ژیانیان وای کردووە هۆشیاری یاسایی و ئاگاییان زیاتر بێت باشتر، خێراتر و تێگەیشتوانە دەتوانن درک بە مافەکانیان بکەن و ژیرانە چارەسەری کێشەکانیان بکەن.
دەربارەی بەدەستهێنانی مافەکانی ئافرەت لە ڕێگای بڕیارەکانی دادگە یا بەدینەهاتنی دوای بڕیار، گووتی ” یاسا کە دادەڕێژرێت بۆ تەواوی کۆمەڵگەیە بەیەکسانی، هەموو تاکێکی کۆمەڵگەش لەبەردەم دادگە یەکسانن، ئەمە بە تێگەیشتنە گشتییە ڕاستیقینەکەی یاسا، بەڵام لە هەمانکات ئەگەر سەرنج بدەینە یاساکانی عێراق بەگشتی کە لە کوردستانیش زۆرێکیان بەرکارن، کەم تا زۆر جیاوازی ڕەگەزی بەرجەستە دەکرێت، بەڵام دادگە وەک فریادڕەسەیكە بۆ بەدیهێنانی ماف و دادپەروەری، دوای بڕیاری دادگە بەشێکی زۆری پەیوەستە بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دەردەچێت، ئەمەش بەهۆی بوونی هەندێک ڕێکاری جۆراوجۆر و بوونی ڕۆتین، کە قورسە بۆ ئافرەت بتوانێت بەردەوام بێت لەگەڵیان تا کۆتایی، بۆیە هەندێکجار ناچاری دەستبەرداری مافەكانی دەبێت بەتایبەت ئەو ئافرەتانەی ئیمکانییەت و توانای دەستگەیشتن بە پارێزەریان نییە”.
سەبارەت بە ڕەنگدانەوە یا لەبەرچاو گرتنی مافی ئافرەت لە یاساکاندا بەشێوەیەکی گشتی گووتی ” یاسا بۆ گشت کۆمەڵگە دەردەچێت، بەڵام ئەمەش لە یاساکاندا بەتایبەت ئەوانەی زمەنێکی زووتر دانراون و تا ئێستاش بەرکارن جیاوازیان هەیە لەم ڕووە، بەتایبەت لە نێوان ئەو یاسایانەی لە عێراق دەرچوون و ئەوانەی لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراون تاڕادەیەکی زۆر هەست بە گرنگیدان بە مافەکانی ئافرەتان دەکرێت کە لە کوردستان جگە لە هەموارکردنەوەی هەندێک برگە و مادەیی یاساکان وە دەرچواندنی یاسایی نوێی زیاتر گرنگی و بایەخ بە مافی ئافرەتان لە بەیەکسانی سەیرکردن و هێنانەدی دادپەروەری ڕەگەزی دەبیندرێت”.
هزرپیاو سالار و کاریگەری لەسەر ڕێگری کردن لەئافرەتان بۆ داواکردنی مافەکانیان، تا ئێستا مشتومڕی لەسەرە، ئەم پارێزەرە لەمبارەیەوە دەڵێت” ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین تا ئێستا ئەو قۆناغەی تێ نەپەڕاندووە، کە پەیوەستدار و پابەندە بە کۆمەڵێک دابونەریتی کۆن، تێیدا بیری پیاوسالاری باڵایە لە هەموو کایەکان، سەرەڕایی ئەوەی بەرەو باشتر بوون و کاڵبوونەوە دەچێت، بەڵام کەم تازۆر لێرە و لەوێ بوونی هەیە، هەر ئەوەش تاڕادەیەکی زۆر ترس و دوو دڵی لای ئافرەت دروستدەکات لە پاراستن و بەدیهێنانی مافەکانیان.