“مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەت وەک کاڵا ترسناکە”
“ئافرەتی پێگەیشتوو بەرەنگاری بابەتە قێزەونەكان دەبنەوە”
“ئێستا رۆڵی ئافرەت بۆ دراما لە قۆناغێکی باش دایە”

سەبری عەبدووڵڵا عەبدی ناسراو بە “سەبری عەبدی” دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە لەبەشی شانۆ لقی دەرهێنان، ئێستاش لە کۆتا قۆناغی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین بەشی سینەمای هەولێر، دەخوێنێت، ئەندامی دەستەی کارگێڕی سەنتەری ڕۆشنبیری “خەون”ە، وەک ئەکتەر، بەشداری چەندین شانۆ، فیلم و رێکلامی کردووە .دەرهێنەری شانۆیی (دوا دیمەنی شانۆیەک لە نووسینی سامویل بیکت ) کاری کردووە. دواین كاریشی وەک ئەزموونی نووسین و دەرهێنانی فیلمیش “بوکەڵەکەی وێنا” یەکەم کارییەتی کە هێشتا نمایش نەکراوە.
لە بەسەر كردنەوەیەكی زاری كرمانجی وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* ڕۆڵی ئافرەتی كورد لە هونەری دراماو فیلم بە تێپەڕبوونی زەمەن چۆن پەرەی سەندووە؟
– لە هەندێ قۆناغ پەرەسەندنەکە خێرابووە، بۆ نموونە لە ساڵانی هەشتایەکان بە بەراورد بە پێشتر، ئافرەتان باش دێنە پێشەوە، دواتر تۆزێک سارد دەبێتەوە. ئێستا لە قۆناغێکی باش دایە.
* ئەمڕۆ ئافرەتان لە بواری هونەر بە تایبەت لە بواری شانۆو دراماو فیلم، رووبەڕووی چ ئاستەنگێك دەبنەوە؟
– ئاستەنگی کۆمەڵایەتی… نەریت و کۆنەپارێزی تا ئێستا بەسەر بەشێکی کۆمەڵگە زاڵە. ئاستەنگێکی تر، مامەڵەکردنی بەرامبەرە لەگەڵ ئافرەت وەک کەرستە و کاڵا، کە ئەمەیان ترسناکە، بەڵام جێگای خۆشحاڵییە ئافرەتی تێگەیشتوو و پێگەیشتوومان هەیە بەرەنگاری ئەمانە دەبنەوە.

* ڕێگری كردن لە هاتنە پێشەوەی ئافرەت، چ كاریگەرییەكی لەسەر گەشەسەندنی هونەری شانۆ هەبووە؟
– هونەر بەبێ ئافرەت ناکرێت، کاتێک ئافرەت ئامادە نەبێت لە گۆڕەپانەکە هونەر تووشی پەکەوتەیی دەبێت بەتایبەت شانۆ. ئەو کاتانەی ئافرەتی شانۆکاری باشمان نییە، شانۆ پەکی دەکەوێت.
* ئایا هێشتان جیاوازی لە نێوان ڕۆڵی ئافرەت و پیاو لە دەقە شانۆیی و درامییە هاوچەرخەكاندا هەیە؟
– ئەگەر مەبەستت ئەوەیە جیاوازی لە پێدانی ڕۆڵ هەبێت، بەڵێ هەیە چونکە خۆی جیاوازییەکە بوونی هەیە لە ڕووی بایەلۆژییەوە.
* تا چەند ئافرەتی كورد لە بواری نووسین و دەرهێنان لە بەرهەمی درامی و فیلم ڕۆڵی خۆی گێڕاوە؟
– تا ئەم ڕۆژگارە، ڕۆڵی ژن لە نووسین و دەرهێنان لە ئاستێکی نزمدایه. بەڵام ئومێدمان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا خۆم و خانمانی تر قۆڵی لێ هەڵماڵین.
* ڕۆڵی ئافرەتان لە دراماو فیلم لە ڕابردوو، (زەمەنی كلاسیك) چۆن نوێنەرایەتی دەكرا بە بەراورد لەگەڵ شانۆی مۆدێرن؟
– ڕۆڵی ئافرەت لە زەمەنی کلاسیکدا ڕۆڵێکی نیمچە پەراوێز بووە. بەڵام لە شانۆی مۆدێرندا ئافرەتان نوێنەرایەتی تەواوی دۆزی ژن دەکەن و ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە.
* لە زەمەنی ئێستای تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو، دەشێت ئەوە ڕوو بدات؟ ڕۆبۆتێك لە ڕێگای ژیری دەستكرد، ڕۆڵی ئافرەت ببینێت؟
– ئەگەر مەبەستت لەوەی کە ڕۆڵی ئافرەت ببینێت “نواندن” بێت، ئەوا نەخێر. مەگەر شانۆیەک نووسەرەکەشی ژیری دەسکردبێت و هەموو کارەکتەرەکانی ڕۆبۆت بن، بۆ شانۆیی ڕۆبۆتەکان ئاساییە. بەڵام ڕۆبۆتێک بێت هەستی ژن بنوێنێ، ئەوا هەرگیز ڕوونادات.
* ئایا شانۆی فێمێنیست دیدێكی جیاواز لە شانۆی تەقلیدی بۆ كۆمەڵگە پێشكەش دەكات؟
– جارێ ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەق و شانۆی فێمێنیستمان نییە، تا بەراوردی بکەین.
* شانۆو دراما چۆن دەتوانێت ئامرازێك بێت بۆ بەهێزكردنی ئافرەتی كورد، وە داكۆكیكردن لە دۆزی خۆیان؟
– شانۆ و دراما پەیامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان هەیە، دەکرێ لەڕێی ئەو پەیامانەوە، لە ڕێی نووسین و نواندنەوە ئافرەتی کورد هێزی خۆی نیشان بدات و هەر لەم ڕێشەوە کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و ئاریشەکانی دۆزی ژنان بکات.
* ئایا ئافرەت لە دراماو فیلمدا تەنیا ڕۆڵی هونەری دەگێڕێت، یان بەرپرسیارییەتی كۆمەڵایەتیش هەڵدەگرێت؟
بەرپرسیاریەتی هونەری هەموو بەرپرسیاریەتییەکان هەڵدەگرێ و لێی ڕاناکات، هونەرمەند دەبێ باجی هەڵەکانی کۆمەڵگە و دەوروبەریشی بدات.