مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی كۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، هۆكاری تەقینەوەكەی بەندەر عەباسی ئاشكرا كرد و راگەیاند “تەقینەوەكەی بەندەری شەهید ڕەجایی بەندەر عەباس، بەهۆی كەمتەرخەمی و ڕچاو نەكردنی ڕێنماییەكانی كاتی كاركردن ڕوویداوە.”
كۆلیڤاند سەرۆكی كۆمەڵەی مانگی سوور ئێران دەڵێ “پشكی سەرەتایی لە بەركەوتنی لیفتەوە دەستیپێكردووە، كە ئەگەر ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە بوایە، دەیتوانی بە ئاسانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەكە بكات.”
دەشڵێت “30%ی كانتینێرەكانی شوێنی ڕووداوەكانی بەندەرەكە بەهۆی هەوڵی هێزەكانی فریاگوزاری ڕزگاركراون، زیاتر لە هەزار كەسیش لە مردن ڕزگاركراون.”
رۆژی 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، تەقینەوەیەكی گەورە روویدا و بەپێی ئامارە فەرمییەكانی حكومەتی ئێران، لە تەقینەوەكەدا 70 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار و 200 كەسی دیكەش بریندار بوون و 11 كەس بێسەروشوێنن.
هاوكات جێگری وەزیری گەیاندن و سەرۆكی رێكخراوی تەكنەلۆجیای زانیاریی ئێران یش ئاشكرای كرد زیانی تەقینەوەكەی بەندەرەكە سێ بۆ پێنج ملیار دۆلارە .