زاری كرمانجی-ڕواندز
ژمارەیەكی زۆری خاوەن پێداویستی تایبەت لە سنووری قەزای ڕواندز هەن، خوازیارن مووچەیەكی مانگانەیان بۆ دەرچێت، بەڕێوەبەری بنكەی چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی ڕواندز، زانیاری لەم ڕووە دەخاتەڕوو.
لای خۆیەوە ئاسوودە عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری بنكەی چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی ڕواندز، بە زاری كرمانجی گووت: دوو ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، تۆماركردنی ناوی خاوەن پێداویستی تایبەتی دیاریكردبوو بە نەخۆشانی (ئۆتیزم، شەلەل دەماغ، بیركۆڵ، تالاسیما، هیمۆفیلیا، داون، لەگەڵ شەكرەی منداڵ )، بۆیە لە سنووری ڕواندز 150 كەس ناویان تۆماركراوە و لەلایەن لیژنەی پزیشكی بینراون، بەڵام تا ئێستە مووچەیان بۆ دەرنەچووە”.
بەڕێوەبەری بنكەی چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی ڕواندز، بە گشتیی لە هەموو كوردستان ژمارەیەكی زۆر خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان تۆماركراوە، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندی دراوە، چاوەڕێ دەكەن مووچەیان بۆ دەربچێت”.
ئاشكراشی دەكات: ژمارەی خاوەن پێداویستی تایبەت لە سنووری قەزای ڕواندز، كە ئێستا مووچە وەردەگرن زیاترە لە 320 كەسە، ئەوانە هیچ كێشەیەكیان نییە و لە لیژنەی پزیشكی دەرچوونە، بە هیواین لە داهاتوودا ئەوانەش كە ماون ببن بە خاوەن مووچەی مانگانەیان.