مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
تەلەڤزیۆنی “الجدید”ی لوبنان، لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات ئێران بە دەییان ملیۆن دۆلاری بۆ گۆڕی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداریی گشتی حیزبوڵڵای لوبنان تەرخان كردووە و ڕۆژنامەی عەرەبی لەندەنیش دەڵێت “حیزبوڵڵا دەیەوێت ئەو گڵكۆیە بكاتە سەكۆی كۆبوونەوەی سیاسی و جەماوەریی خۆیان.”
ڕۆژنامەی عەرەبی چاپی لەندەن، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەكەی تەلەڤزیۆنی الجدید ئاماژەی بەوە كردووە “حیزبوڵڵا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو گڵكۆیەوە لایەنگرانی خۆی بهێڵێتەوە و لەهەمانكاتیش بیكاتە سەكۆی كۆبوونەوەی سیاسی و جەماوەریی خۆیان.”
تەرخانكردنی دەییان ملیۆن دۆلار لەلایەن ئێرانەوە بۆ دروستكردنی گڵكۆی نەسروڵڵا، نیگەرانی و كاردانەوەی زۆری لایەنگر و ئەندامانی حیزبوڵڵا بە دوای خۆیدا هێنا و دەڵێن “لە كاتێكدا بەشێكی زۆری لایەنگران و ئەندامان بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە بێ ماڵ و حاڵ بوون، كەچی بە ملیۆنان دۆلار لە دروستكردنی گڵكۆیەك خەرج دەكرێت.”
لە لایەكی دیكەشەوە هاووڵاتییانی لوبنانیش بەو هەنگاوەی ئێران نیگەرانن و پێیان وایە كە هێشتا ئێران نایەوێت دەستبەرداریی لوبنان ببێت.