ئۆدری باکبێرگ، ژنێکی ویلایەتی ویسکۆنسنی ئەمریکایە و لە ساڵی ١٩٦٢ لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا دیارنەما، دوای زیاتر لە شەش دەیە لە ویلایەتێکی دیکەدا بە زیندووی و بە باشی دۆزرایەوە. ئەو ئێستا تەمەنی ٨٢ ساڵە، هەموو ئەم ماوەیە بە ناسنامەیەکی نوێیەوە ژیاوە، دوور لە خێزانەکەی.
بەپێی هەواڵێکی سی ئێن ئێن، بێکبێرگ لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٦٢ ماڵەکەی لە شاری ڕیدسبورگ بەجێهێشتووە و هەرگیز نەگەڕاوەتەوە. لەو کاتەدا دایکی دوو منداڵی بچووک بووە و لەگەڵ هاوسەرەکەی ڕۆناڵد دەژیا کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵدا کردبوو.
ماوەیەک پێش دیارنەمانی، باکبێرگ سکاڵای یاسایی لە دژی هاوسەرەکەی تۆمار کردبوو و تۆمەتباری کردبوو بە توندوتیژییەکی زۆر و هەڕەشەی کوشتن. بەڵام لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەو کاتەدا بێ ئەنجام بوو و دۆسیەکە وەک دۆسیەی وونبووی چارەسەرنەکراو مایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥، ئیسحاق هانسن، بەدواداچوونی بۆ کەیسە کۆنەکەی کردووەتەوە و بە بەکارهێنانی زانیارییەکانی ماڵپەڕێکی نەسەبنامە کە خاوەنەکەی خوشکی بێکبێرگ بووە، هانسن توانیویەتی شوێنپێی بکەوێت.
دوای ئەوەی هانسۆن کۆمەڵێک تۆماری مردن و سەرژمێری و زانیارییەکانی دیکەی وردکردەوە، دواجار ژمارەی تەلەفۆنی ئۆدری بەدەستهێنا و توانی بۆ ماوەی ٢٥ خولەک قسەی لەگەڵ بکات.
لەم گفتوگۆیەدا ڕوون بووەوە کە باکبێرگ هەموو ئەم ساڵانە لە ئاسایشێکی تەواودا دەژیاوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە بڕیارەکەیدا پەشیمان نییە بۆ جێهێشتنی ژیانی پێشووی و ژیانی نوێی بۆ خۆی بنیات ناوە. هەروەها داوای کردووە شوێنی ئێستای ئاشکرا نەکرێت.
ئەم دۆزینەوە چاوەڕوان نەکراوە کۆتایی بە یەکێک لە کۆنترین حاڵەتەکانی وونبوو لە ئەمریکا هێنا دوای زیاتر لە ٦٠ ساڵ.