محەمەد ئامۆکەیی – زاری کرمانجی
بەپێی دوایین زانیارییەکان، ٦٥ هاونیشتمانی لە سنووری سۆران بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینەوە تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی بوون و ناچار بوون سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاشتی بکەن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
د. حەمرین مینە،بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ زاری کرمانجی ڕایگەیاند: “لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ٦٥ کەس بەهۆی کێشەی هەناسەدان و کۆکەی توند سەردانی بەشی فریاکەوتنیان کردووە، زۆربەیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست باشتر بوون، بەڵام ٧ کەسیان بۆ چاودێری زیاتر لە نەخۆشخانە ماونەتەوە”.
بەپێی وتەی د. حەمرین مینە، ئەم حاڵەتانە دوای خۆڵبارینی بەهێزی ئەمڕۆ لە ناوچەکە ڕوویداوە و تیمی پزیشکی نەخۆشخانەی ئاشتی بە ئامادەباشییەوە چارەسەری پێویستیان پێشکەش کردووە بە هاونیشتمانیان.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لە کاتی خۆڵبارین و هەوای پیسدا دەمامک بەکاربهێنن و تا دەتوانن لە ماڵەوە بمێننەوە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە نەخۆشی هەناسەدانیان هەیە.