زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەری كاروڕاهێنانی پیشەیی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “جگەلە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، لە سنووری قەزاكانی دیكەی ئیدارەی سۆران، خولی جۆراو جۆر بۆ ئارەزوومەندان دەكەینەوە و كاریگەری باشی هەبووە بۆ ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان.
ئەختیار حاجی سەعید، بەڕێوەبەری كاروڕاهێنانی پیشەیی سۆران، گووتیشی: “ساڵانە خولی جۆراو جۆر دەكەینەوە وەك خولی (كۆمپیوتەر، دوورمان، كارەبایی، ساردكەرەوە، مۆبایل، كامیڕای چاودێری، سەرتاشی، هەروەها خوڵی ئاشنابوون بە پڕۆژەی بچووك واتە بزنس كاپ) لەگەڵ چەندین خولی دیكە، هەروەها لە سەرەتاوە زیاتر ڕای ئارەزومەندان وەردەگرین لەسەر كردنەوەی ئەو جۆرە خولانە”.
دەشڵێت: بۆ نموونە لەكاتی ڕاگەیاندنی خولەكان كامەیان خواستی زیاتری لەسەر بوو لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەوڵی كردنەوەیان بۆ دەدەین، بۆ ئەوەی زۆرترین كەس لە سنوورەكەمان لەم خولانە سوودمەندبێت، جگەلە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، لە سنووری شار و شارۆچكەكانی دیكەی ئیدارەی سۆران خولی جۆراوجۆر دەكەینەوە”.
ئاماژەی بەوەشدا: بۆ بەشداربوون لە خولەكانمان چەند ڕێنمایی و پێوەرێك هەیە، بۆ نموونە ئەو كەسەی كە بەشداری دەكات پێویستە بێكار بێت، هەروەها تەمەنی لە 16 ساڵ كەمتەر نەبێت، خولەكانیشمان بەشێوەی خۆڕاییە، تەنانەت كرێی هاتووچۆی بەشداربووانی خولەكەش لە ئەستۆی ئێمە دەبێت.