سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
لەیاریی گەڕی یەكەمی یانەی سۆران لەخولی نایاب، سۆران چەكێكی كاریگەری لەدەستدا و گۆڵپارێزە نایابەكەی یانەكە تووشی پێكان بوو.
رۆژی هەینی 14 ـی ئۆكتۆبەر، لەیاریی نێوان هەندرێن و سۆران، بەدیاریكراوی لەخولەكی 60 گەیلان سادق تووشی پێكان بوو بەهۆیەوە یاریگەی جێهێشت.
رۆژی دواتر پشكنینی پزیشكی بۆ ئەنجامدرا، و دەركەوت لەئەژنۆیدا پێكراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی نزیك لەیانەكە، گەیلان بۆ ماوەیەكی درێژ لەیانەكەی دادەبڕێت و بەلایەنی كەمەوە ناتوانێت تا قۆناخی دووەمی خولەكە بگەڕێتەوە نێو لاكێشەی سەوز.
گەیلان سادق، لەساتی دەركەوتنیەوە تا ئێستا گۆڵپارێزی یانەی سۆران ـە و رۆڵی كاریگەری لەئەنجامەكانی یانەكە هەبووە، و دووركەوتنەوەی كاریگەری نێگەتیڤ دەخاتە سەر ئاستی تیمەكە.
گۆڵپارێزە دەستپۆڵاكەی سۆران، هۆكاری پێكەنەكەی دەخاتەروو:”
هۆكاری پێكانەكەم هیلاكی و ماندوبونم بوو پێش یاریی هەندرێن بە هۆكارێكی تایبەتی خۆم، هاوكات ماوەیەك بوو لە راهێنان دابرابووم.”
گەیلان، گوتیشی:” تا ئێستا بە تەواوەتی دیار نیە كەی دەگەڕێمەوە نێو یاریگە، دەبێ پشكنینی رنین بكەم دواتر پزیشك بریار دەدات، بەڵام بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانی دكتۆر بێت 75% بەستەری ئەژنۆم ئازاری پێگەیشتووە، ماوەی گەڕانەوەم دیار نییە، ئەمما بە بێ شك قۆناخی یەكەمی یارییەكانی خولی نایاب بۆ من كۆتایی هاتووە.”
گەیلان سادق، پەیامی بۆ هاندەرانی هەیە و دەڵێت:” رێز و خۆشەویستیم بۆ هاندەرە ئازیزەكانم هەیە، كە هەمو كات پاڵپشتم بوونە. بەلێنیان پێدەدەم بە تاقەت و توانایەكی زۆرترەوە بگەرێمەوە.
لەماوەكانی رابردوو دەنگۆی رۆیشتی گەیلان سادق لەریزی یانەی سۆران هەبوو، بەڵام دواتر رووینەدا، ئەو گۆڵپارێزە هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات:” لەگەڵ یانەیەك لەگفتوگۆدابووم هەبوو، بەڵام نەگەیشتینە رێككەوتن، هاوكات بەرپرسانی یانەی سۆران كەمێك رێگر بوون. هۆكارێكی تر ئەوەبوو، كە نەمتوانی یانەی سۆران بەجێبهێڵم، چونكە یانە و ماڵی خۆمە.”