یانەی بایرن میونشن بەفەرمی بووە پاڵەوانی ئەمساڵی خولی ئەڵمانیا و بۆ 34ـەمین جار جامەكە بەدەست دەهێنێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە ركابەرییەكانی گەڕی 32ی خولی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، یانەی بایرن میونشن بە ئەنجامی 3-3 گۆڵ لەگەڵ یانەی لایبزیگ یەكسان بوو، نزیكترین ركابەریشی كە یانەی بایرلێڤەركوزنە هەر ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئەنجامنی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی فرایبۆرگ یەكسان بوون.
بەم ئەنجامە یانەی بایرن میونشن پێش تەواوبوونی خولەكە بە دوو یاری و بەكۆكردنەوەی 76 خاڵ و بە جیاوازی 8 خاڵ لەگەڵ یانەی بایرلێڤەركوزن، بەفەرمی بووە پاڵەوانی ئەمساڵی خولی ئەڵمانیا.
یانەی بایرمیونشن ئەمە 34ـەمین جارە دەبێتە پاڵەوانی خولی ئەڵمانیا و یەكەم یانەیە زۆرترین ناسناوی خولی وڵاتەكەی بردبێتەوە، نزیكترین ركابەریشی یانەی نۆرمبێرگە كە 9 ناسناوی هەیە و دوای ئەویش یانەی دۆرتمۆند دێت كە 8 جار بووەتە پاڵەوان.