ئامانج مەحموود هەرکی : برەكەی 7 تا 30 ملیۆن دینارە
پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان، بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر دەستی پێكردووە وچەند بانكێك بۆ ئەم مەبەستە دیاری كراون.
ئامانج مەحموود هەرکی، سەرۆکی لیژنەی وزە نوێبووەکان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند” ژمارەیەک بانک دەستیان کردووە بە پێدانی قەرز بە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە مەبەستی هاندانیان بۆ دابینکردنی کارەبا لە پرۆژەی وزەی خۆر”.
ئامانج هەرکی زیاتر روونیكردەوە ” هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە دوو شێواز داوای قەرزەکە بکەن، یان لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیای مۆڵەتی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە وەرگرتووە بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر یان هاووڵاتی خۆی بچێتە بانکەکە، ناوی کۆمپانیاکە دەستنیشان بکات و قەرزەکە وەربگرێت، بڕی قەرزەکەش لە نێوان حەوت ملیۆن دینار بۆ 30 ملیۆن دینارە، کۆی پارەکە بۆ دانانی پرۆژەکە خەرج دەکرێت، دوای تەواو بوونی پرۆژەکە کۆمپانیاکە پارەکەی وەردەگرێت، واتا پێشتر پارەكە نە دەدرێتە كۆمپانیاكە نە بە خاوەنی پرۆژەکە.”
گووتیشی” وەرگرتنی قەرزەکە بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر، وەک وەرگرتنی هەر قەرزێکی دیکەیە. نەک تەنها فەرمانبەر، بەڵکوو کەسانی ئاسایش ئەگەر مووچەخۆر بن، دەتوانن قەرزەکە وەربگرن، بەڵام دەبێت کەفیل و بەڵگەنامەی پێویست بۆ بانکەکە بخەنە ڕوو. “