ئامادەکردنی : توانا فریق أحمد
ڕووداوی له سێداره‌دانی چوار ئه‌فسه‌ره‌که‌ی کورد(مسته‌فا خۆشناو، محه‌مه‌د قودسی، عیززە‌ت عه‌بدولعه‌زیز، خێروڵڵ عه‌بدولکه‌ریم)، له بەرواری ١٩٤٧/٦/١٩ز، به یه‌کێک له کاره شۆڤێنی و بێ به‌ڵێنییه‌کانی ڕژێمی پاشایه‌تی عێراق دادەنرێت به‌رامبه‌ر بە گه‌لی کورد.
ئەم چوار ئەفسەرە کوردە کۆلێژی سەربازیان لە بەغدا تەواو کردووە و لە سەردەمی پاشایەتی عێڕاق لە نێو سوپای عێڕاقی پلەی سەربازیان پێدراوە، بەڵام دەبینین ئەم چوار ئەفسەرە دەچنە نێو شۆڕشی دووەمی بارزان ۱۹٤۳-۱۹٤٥ز و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاڵپشتی کۆماری مەهاباد دەکەن و هەموو ئەمانە زادەی چەند هۆکارێک بوون لەوانە حکومەتی عێڕاقی فه‌رمانی گواستنه‌وه‌یان ده‌دات بۆ ناوچه‌کانی تری عێراق وەک بیانویەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان لە نێو سوپای عێڕاقی کەم بکاتەوە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تر هەبوونی هەستی نیشتمانپەروەری لای ئەم ئەفسەرانە وای کرد له ساڵی ١٩٤٥ز بڕیارەکە جێبه‌جێ نەکەن و په‌یوه‌ندی بکەن به شۆڕشی بارزانه‌وه ١٩٤٣-١٩٤٥ز به ڕابه‌رایه‌تی مسته‌فا بارزانی، لەدوای ئه‌م به‌شدار بوونه‌یان له شۆڕشی دووه‌می بارزان و تێکشکاندنی شۆڕش له ژێر بۆردوومانی هێزی ئاسمانی به‌ریتانیا و سووپای عێراق له کۆتای ساڵی ١٩٤٥ز دا له‌گه‌ڵ بارزانییه‌کان ده‌چنه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و وه‌کو ئه‌فسه‌ری سووپای کوردستان له کۆماری کوردستانیشدا خزمه‌تی خۆیان ده‌که‌ن.
دوای ڕووخاندنی کۆماری کوردستان له
١٩٤٦/١٢/۱۷ز و چوونی بارزانی و یاوەرانی بۆ یه‌کێتی سۆڤێت، ئه‌م چوار ئه‌فسه‌ره له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمەد و خێزانه بارزانییه‌کان له مانگی نیسانی ۱۹٤۷ز خۆیان ڕاده‌ستی حکومه‌تی عێراق ده‌که‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده حکومه‌تی عێراق پێشتر بانگه‌شه‌ی لێبووردنی بۆ هەموو ئەو کەسانە کردبوو کە دەگەڕێنەوە بۆ عێڕاق، به‌ڵام دوای کە گەڕانەوە ده‌ستگیرکران و دادگایی کران پێیان وترا ئەم لێبوردنە ئێوە ناگرێتەوە و بڕیارەکە بۆ ئەوان پێچەوانە بووەوە، ئەوە بوو بە فەرمانی ساڵح جەبری سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتی عیراق لە دادگای سەربازیدا لە ١٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧دا حوکمی لە سێدارەنیان بەسەر جێبەجێکرا، دوای بڵاوبوونەوەی بڕیاری لە سێدارەدانیان، هاووڵاتیانی شاری سلێمانی خڕۆشان و ڕژانە سەر شەقامەکان و ئێوارەی هەمان رۆژ خۆپیشاندان لەبەردەرکی سەرا دەستیپێکرد و ڕووی لە فراوان بوون کرد، بەڵام وەک هەمیشە حکومەت بێباک بوو لە ئاست داواکاری هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران، گوێی لێ نەگرتن و بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێکرا.
دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە و لە سێدارەدانی هەر چوار ئەفسەرەکە، تەرمەکانیان گەڕێنرایەوە کوردستان و هەر یەکەیان بەرەو زێدی خۆی بەڕێکرا، لە بەرواری ١٩٤٧/٦/١٩ز له به‌غدا پاش نووسینی وه‌سێتنامه هاوبه‌شه‌که‌یان له سێداره دران.