وەرزش ـ زاری کرمانجی:
زەینەدین زیدان، ئەفسانە و راهێنەری پێشووتری تۆپی پێ بیرەوەرییەکی سەردەمی دەرکەوتنی یەکێک لەئەفسانەکانی بارسێلۆنا باس دەکات.
یاری ئێلـ کلاسیکۆ، تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە بەراورد بەیارییەکان. بەتایبەت لەنێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید، کە مێژوویەکی دێرێن ئەو دوو جەمسەرەی تۆپی پێ لەخۆ دەگرێت.
زیدان، باسی رووبەرووبوونەوەی یانەکەی دژی بارسێلۆنا دەکات، کە مێژووەکەی بۆ 17 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
زیدان دەڵێت:” ساڵی 2005 چووین بۆ یاریگەی کامپ نۆ، بۆ ئەوەی رووبەڕووی بارسێلۆنا ببینەوە، ترسی ئێمە تەنها لەرکابەری رۆنالدینیۆ، دیکۆ، چاڤی و ئیتۆ بوو، بەڵام رۆناڵدۆی دیاردە شتێکی دیکەی گوت، کە تووشی سەرسوڕمان بووین.”
زیزۆ درێژەی پێدەدات: “رۆناڵدۆی دیاردە گوتی، لەمێسی بترسن! ئەو لاوێکی 16 ساڵانە و ئارجێنتینیە، من ترسم لێی هەیە.”
زیدان هێما بۆ ئەوەش دەکات: “ئێمە قسەکەی رۆناڵدۆمان بەهەند وەرنەگرت و گوتمان هەردووکیان هی ئەمریکای لاتین ـن بۆیە بەم شێوەیە وەسفی دەکات.”
ئەفسانە فەڕەنسییەکە بەردەوامی دەدات:” یاریی دەستی پێکرد نیوەی یەکەم باڵادەست بووین، بەڵام کاتێک نیوەی دووەم ئەو منداڵە هاتە نێو یاریگە دۆخە بەتەواوەتی گۆڕا. مێسی، لەو یارییە بڕینی زۆری ئەنجامدا و سەرجەم بەرهەڵستییەکانی بردەوە و بەرگریکارانی ئێمەی هەراسان کرد.”
لەدوا ئاخاوتنەکانیدا زەینەدین زیدان، نیشانی ئەوەشی کرد: “کە گەڕاینەوە مەدرید باسی ئاستبەرزی ئەو منداڵەمان کرد و گوتم لەکاتی خۆی دەبێتە ئەفسانەیەکی تۆپی پێ.”