ئەمڕۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لانیکەم ١١٠ کەس لە زیندانە جۆربەجۆرەکانی ئێران لە مانگی ڕابردوو لە سێدارە دراون.
بە پێی ئاماری ئەم ڕێکخراوە ژمارەی ئێعدامەکان لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ بە ڕێژەی ٧٥% زیادی کردووە و لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٣٤٣ کەس لە ئێران کە ١١ کەسیان ژن بوون لە سێدارە دراون. لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو لە هەمان ماوەی ساڵدا ١٩٥ کەس لە سێدارە دراون.
سێ ژن، چوار هاووڵاتی ئەفغانی، 35 هاووڵاتی بەلوچ، 6 هاووڵاتی کورد و هاووڵاتییەکی عەرەب لە نێو ئەو کەسانەی لە مانگی ڕابردوودا لە سێدارە دراون. لەو ژمارەیە لانیکەم نۆ کەس بە تۆمەتی ئەمنیەتی، سیاسی و مەزهەبی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و کەسێکیش بە تۆمەتی سیخوڕی هەڵواسراون.