ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی ئایار دوابەدوای هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی (بن گوریون) لە ئیسرائیل ، كۆمپانیاكانی لوفتانزا، ئایر یۆرۆپا و ویز ئێر گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل بەشێوەیەکی کاتی هەڵوەشاندەوە.
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە مووشەکەکە سەرکەوتوو نەبوون و لە ناوچەیەکی نزیک ڕێگای چوونە ژوورەوە لە ناو کۆمەڵگەی فڕۆکەخانەکە كەوتووە. بەهۆی ئەم هێرشە شەش کەس بریندار بوون کە یەکێکیان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و پێنج کەسی دیکەش بە ڕووکەش بریندار بوون.
لە وەڵامی ئەو ڕووداوەدا فڕۆکەخانەی (بن گوریۆن) بۆ ماوەی یەک کاتژمێر گەشتە هاتوو و دەرچوونەکانی ڕاگرت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسان و وەزیرانی بەرگری دەکات بۆ ئەوەی بیر لە وەڵامدانەوەی هێرشەکە بکاتەوە. هەروەها وەزیری دەرەوە ئیسرائیل کاتز ڕایگەیاندووە: هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیەنێت، وەڵامی حەوت هێندە وەردەگرێت.