محەممەد مەحموود – سۆران :
لیژنەی پشکنین و چاوێرکردنی بازاڕ لە سنووری ناحیەی دیانا بەردەوامن لە چاودێرکردنی بازاڕو بەمەبەستی رێگریکردن لە تای خوێنەربوون چەند رێنماییەکیان دایە گۆشت فرۆشان، هەر کەسێکیش پابەندنەبێت سزا دەدرێت.
رێنماییەکانیش ئەمانەن :
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێتێرنەری سەرپەرشتیی دەکات.
2- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەکو دەستکێش، چەرمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکاربهێنرێن.
3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و ھاوکاریی بکەن.
4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی، گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بە باشی بشۆردریت.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
6- بەکارھێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارھێنان گرنگە.
7- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت، بە تایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاکبکرێنەوە.
8- باشتر وایە گۆشت دوای سەربڕینی ئاژەڵ، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە پلەی (4-8) سەدی ھەڵبگیرێت، پاشان بەکاربهێنرێت، بەڵام گۆشتی کوڵاو ھیچ کێشەی نییە و نابێتە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە یان میرووی تری ھەبوو، باشتر وایە سەرنەبڕدرێت.