محەمەد ئامۆکەیی- زاری کرمانجی:
لە ناوەندی مانگی داهاتوودا دووکتێبی فەلسەفی د. ساماڵ مانیی بڵاودەکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، ئەو دووکتێبە هەر یەکەیەیان بەشێکن لە دوو پرۆژە نووسینی فەلسەفی نوێ: پرۆژە نووسین لەسەر فەیلەسووفی ڕادیکاڵی سەدەی رابووردوو (کواین). لەگەڵ پرۆژە نووسینی ‘سەرزەمینی مانا’ کە سەبارەت بە فەلسەفەی زمان و مانایە.
د. ساماڵ مانیی خۆی لە پێشەکی کتێبەکانیدا، بەم جۆرە باسی ئەو زنجیرە کتێبە نوێیانەی دەکات لە فەلسەفەدا: ئەمساڵ دوو پڕۆژە نووسینم پێکەوە دەکەونە کتێبخانەکانی کوردستانەوە.
پڕۆژە نووسینێک لەسەر ‘کواین’، فەیلەسوفە ڕادیکاڵەکەی ناوەڕاستی سەدەی بیست بە کتێبی ‘تێگەیشتن؛ کواین’ دەستی پێکرد. لەگەڵ پڕۆژە نووسینێکم لە فەلسەفەی زمان و مانا دا، ئەمیان بە کتێبی ‘سەرزەمینی مانا’ دەستی پێکردوە“.
ئەم نووسەرە دەشڵێت: هەردوو ئەو کتێبانەش پێکەوە بڵاودەکرێنەوە لە هەفتەکانی سەرەتای١١ ی ٢٠٢٢ دا و لە پێشانگاکەی کتێب لە مانگی ١١ ی ئەمساڵدا بەشدارن، کتێبەکانیتری ئەو دوو پڕۆژە نووسینە فەلسەفیە نوێیەم، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ بڵاودەکرێنەوە“.
لەدوا پەیڤەکانی دا نووسەر هێمای بۆ ئەمەش کرد: پڕۆژەی نووسین’ بریتی نیە لە نووسینی کتێبێک لەسەر بابەتێک یان فەیلەسوفێک. پرۆژەی نووسین، بریتیە لە چەند کتیبێکی جیا و سەربەخۆ بەڵام بە ئاراستەیەک کە ئاراستەی ئەو پرۆژە نووسینە دەگەیەنێت، ئەو کتێبانەی لە پرۆژە نووسینێکدا دەنووسرێن دەبێت بە جیا و سەربەخۆ مەبەست بگەیەنن نەک بەشێک بن لە کتێبێکی دوورودرێژ کە دابەش کرابن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کتێبانەی یەک پرۆژەی نووسینن دەبێت پێکەوە یەک ئاڕاستە وەرگرن لە پرۆژەکەدا. پرۆژە نووسین دەکرێت لە بەشێکی فەلسەفەدا بێت ،یان سەرنج خستنە سەر گۆشەی جیاواز بێت لە پرسێکی فەلسەفەدا، یا دەرخستنی گۆشە جیاکانی تێڕوانینی فەیلەسوفێک بێت، هتد. ئەمە ڕاستە بۆ بوارەکانیتریش. هەر چوار پرۆژە نووسینە فەلسەفیەکانم، مەبەست لێیان دروستکردنی چەند پایەیەکی تایبەتی فەلسەفی بوون لەناو هزراندنی فەلسەفی بەزمانی کوردی، سەرچاوەیەکی گرنگن لە تێگەیشتن لە فەلسەفە، تایبەت و ئاراستەکراوون بۆ تێگەیشتن و توێژینەوە و فەلسەفە خوڵقاندن لە زمانی کوردی دا.