وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە دەربارەی ئەوەی هەندێک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە زاری ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە بڵاویانکردووەتەوە دەربارەی ڕاکێشانی ڕەسیدی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید.
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، تیایدا هاتووە، ئەو پارەیەی ڕاکێشراوە، بریتی نییە لە پارەی دانراوی هاووڵاتییان یان ڕەسیدی زامنکراوی تایبەت بە بانکەکان، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەژماری سەروەری (الحسابات السیادیە)ی وەزارەتی دارایی، پێشتر لەو بانکانە هەڵگیراون وەک هەنگاوێکی کاتی و، پاش کۆتاییهاتن پێویستییەکان پێی و، بەپێی ڕێنماییە دارایی و کارگێڕییەکان، گەڕێندراوەتەوە بۆ تەرخانکردنی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا.
دەشڵێت” بەراوردکردن لە نێوان ئەم ڕێوشوێنانەی و هەرەسی بانکی لە وڵاتانی دیکە ورد نییە، تایبەتمەندیی ژێرخانی یاسایی و چاودێریی کەرتی بانکی لە عێراق پشتگوێ دەخات، کە لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندیدایە”.
وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەشکردووە، هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید یەدەگی نەختینەی زۆریان هەیە کە زۆر زیاترە لە بڕی بڕیاردراو لەلایەن بانکی ناوەندی. ئەرکەکانی خۆشیان لە خەرجکردنی مووچە، پارەدارکردنی پرۆژەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بەرامبەر مامەڵەکاران بە ڕێکخراوەیی ئەنجامدەدەن.
“یەدەگی یاسایی بانکی ڕافیدەین لە بانکی ناوەندی لە ئێستادا دەگاتە نزیکەی ٩ ترلیۆن دیناری عێراق، ئەمەش پتەویی دۆخە داراییەکەی نیشاندەدات”(وەزارەتی دارایی عێراق وای وتووە).
پێشتر چەند پەرلەمانتارێک بڵاویانکردەوە کە حکومەت پەنای بردووەتەبەر ڕاکێشانی یەدەگەکانی بانکی ڕافیدەین بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی نەختینە.