خەڵات محمدامین ئەلیاس
قوتابی قۆناغی چوارەم، بەشی مێژوو
ڕاپەڕینی ئارارات ڕاپەڕینێكی چەكداری بوو بە سەركردایەتی كوردەكان لە ناوچەی چیای ئارارات لە ڕۆژهەڵاتی توركیە، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ بۆ ١٩٣٠ دژی حكومەتی كۆماری تازە پێكهێنراوی توركیا بە سەرۆكایەتی مستەفا كەمال ئەتاتورك. ئەم شۆڕشە بە یەكێك لە شۆڕشە هەرە دیارەكانی كورد لە سەرەتای سەدەی بیستەم دادەنرێت و لە چوارچێوەی بەرخۆدان لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە ناسیۆنالیستیانەی كە دەوڵەتی نوێی توركیا لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی پەیڕەوی كردوە هاتە ئاراوە.
دوای دامەزراندنی كۆماری توركیا لە ساڵی ١٩٢٣، حكومەت هەوڵی سەپاندنی ناسنامەیەكی نەتەوەیی یەكگرتووی توركی دا و شوناسە نەتەوەییەكانی دیكەی سەركوت كرد، بەتایبەتی كوردی. زمانی كوردی قەدەغە كرا، قوتابخانە و دامەزراوە فەرهەنگییە كوردییەكان داخران و ناوچە زۆرینە كوردییەكان كەوتنە ژێر سیاسەتی توندی سەركوتگەرانە و سەربازییەوە. ئەم دۆخە بووە هۆی ناڕەزایی بەرفراوان لە نێو كورددا و چەندین ڕاپەڕین سەریان هەڵدا، لەوانە ڕاپەڕینی شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٢٥ كە شكستی هێنا بەڵام ڕێگای بۆ ڕاپەڕینی ئارارات خۆش كرد.
شۆڕش لە ساڵی ١٩٢٧ بە سەركردایەتی “كۆمەڵەی خویبون”ی كورد دەستی پێكرد، كە لە سوریا دامەزرا و دەستیكرد بە كۆكردنەوەی چەكدارانی كورد لەسەر چیای ئارارات. یاخیبووان “كۆماری ئازادی كوردستان”یان لەو ناوچەیە ڕاگەیاند و ئاڵای كوردیان هەڵكرد و دەستیان كرد بە ڕێكخستنی حكومەتێكی كاتی و هێزی چەكدار.
حكومەتی توركیا بە هێزێكی سەربازیی بەرفراوان وەڵامی دایەوە و هەڵمەتی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەركوتكردنی ڕاپەڕین دەستپێكرد. توركیە هێزی ئاسمانی بەكارهێنا بۆ بۆردومانكردنی پێگەكانی یاخیبووان لەسەر چیای ئارارات و زیانی گیانی زۆری لێكەوتەوە. هەروەها داوای پشتیوانی لە وڵاتانی دراوسێی كرد بۆ داخستنی سنوورەكان و ڕێگریكردن لە ڕۆیشتنی پشتیوانی بۆ یاخیبووان.
تا ساڵی ١٩٣٠ ڕاپەڕینەكە دوای شەڕێكی توند چەقێندرا و هێزەكانی توركیا چیای ئاراراتیان كۆنترۆڵكردەوە. زۆرێك لە سەركردە و چەكدارەكان گیانیان لەدەستدا و بەشێكی دیكەشیان بەرەو ئێران و سوریا هەڵهاتن. ئەو قەوارە كوردییە كاتیەی كە ڕاگەیەندرا، نەهێڵرا.
ئەمەش درزی نێوان كورد و حكومەتی توركیا قوڵتر كردەوە و لەبەرامبەردا حكومەت سیاسەتەكانی بە توركیی كردنی لە ناوچە كوردنشینەكاندا توندتر كرد، ئەمەش كۆچ و ئاوارەبوونی كوردی بۆ دەرەوەی وڵات و بەتایبەت بۆ سوریا و عێراق زیاد كرد.
ڕاپەڕینی ئارارات وەك ڕەمزی بەرخۆدانی كورد و سەرچاوەی ئیلهام بۆ بزووتنەوەكانی دواتری كورد مایەوە.