بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم بۆ تاکسییەکان دەرکراوە بەتەواوی لە قازانجی خاوەن تاکسییەکان دایە، چونکە ئەم ڕێنماییانە بەتەواوی دیراسەکراون ئەوکات دەرکراون، لەبەر ئەوەی دوو جۆری ئۆتۆمبێل زیادکراون کە قازانجی بۆ خەڵک ھەیە و دۆستی ژینگەن، بۆیە ھیچ تاکسییەک نامرێندرێت و ھیچ تابلۆی تازەی بەھیچ ئۆتۆمبێلێکی تاکسی نادرێت.
دکتۆر ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ماوەیەکی زۆرە خاوەنی تاکسی داوادەکەن دەرفەتیان پێبدرێت ئەوانەی کۆن بوونە تاکسی نوێ ھاوردە بکرێن، کە پێشتر ڕێنمایی ژمارە حەوتی ساڵی ٢٠٢١ ھەبوو دەستکاری ڕێنماییەکە کراوە دوو جۆری دیکەی ئۆتۆمبێل ئەوانیش ھایبرێد و کارەبایین و دۆستی ژینگەن ئەوانەشی بۆ زیادکرا، کە ٧٤ جۆری ھایبرێد و کارەبایی و ٨٩ جۆری ئۆتۆمبێلی بەنزین ڕێگە دراوە شۆفێری تاکسی بە ئارەزووی خۆی یەکێکیان ھەڵبژێرێت بەپێی نرخەکان دانەیەک بە کۆدی تاکسی کوردستانە بۆیاغی بکات تابلۆی تاکسی خۆی بگوازێتەوە بۆ سەری بۆ تاکسی کۆنیشی تابلۆی تایبەت بەخۆرایی وەربگرێت، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کەس نەتوانێت یەک جۆری تایبەت قۆرغ بکات و نرخ گران بکات، بۆیە ڕێنمایی تازەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تاکسییەکان زیانی بۆ شۆفێری تاکسی ئەوانەی ئەوکارە دەکەن نییە، بۆیە ھەموو جۆرەکانی دیاری کراون لە ھەرێمی کوردستان ھەن و جۆرەکانیش کە بکرێنە تاکسی زۆر گونجاون، ئەوەش لەخۆڕا نەکراوە بەدیراسە کراوە و ڕێنماییەکان لە بەرژەوەندی خاوەن تاکسییەکاندایە.
میرانی گوتیشی، ئۆتۆمبێلی ھایبرێد و ئۆتۆمبێلی کارەبایی شۆفێری تاکسییەکان قازانجێکی زۆری لێ دەکەن بەھۆی ئەوەی ھایبرێد تا ٦٠کم لە کاتژمێرێک بە خۆرایی کاردەکات ھیچ خەرجی نابێت لە بەنزین و ئەوەی کارەبایی ھەر خەرجی نییە و ئەوانەی لەناوشار کاردەکەن ھیچ خەرجیان نابێت و پێویستیان بەبەنزین نامینێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوەی ئەو دووجۆرە ئۆتۆمبێلە دەتوانن بەشداری لە کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن و گەیاندنی کەل و پەلیش بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی دیوان باسی لەوەشکرد، ئەم بڕیارەی دراوە ھێنانی دوو جۆری تاکسییە و ژمارەی تازە بەھیچ تاکسییەکی دیکە نادرێت تەنھا سێ مۆدێل نەبێت تایبەتن ئەوانیش ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ ژمارەی تاکسییەکی دیکە دێنێت و دەخرێتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی و ئۆتۆمبێلی تاکسی کۆنیش بەھیچ جۆرێک نامرێندرێت و تەنھا گەر بیەوێت ئۆتۆمبێلکی تازە دەکرێت و تابلۆکەی تاکسی کۆنی بۆ دەگوازێتەوە و ئۆتۆمبێلە کۆنەکەشی دەبێتە تایبەتی و تەنیا ڕەنگی بۆیاغی لە تاکسی بۆ تایبەت دەگۆرێت ھەر ڕەنگێک بێت، چونکە پێویستە ڕەنگی بگۆرێت بۆ ئەوەی تابلۆی تایبەتی پێبدرێت لە ھاتووچۆ.
هاوکات دەشڵێت، ھاووڵاتییەک بیەوێت ئۆتۆمبێلێکی جۆری ھایبرێد بکاتە تاکسی مۆدێل نوێیە لە ڕسوماتی تۆمارکردن ھاوشێوەی کارەبایی لێی خۆش دەبن کە لە ئۆتۆمبێلی تایبەت تەنھا کارەبایی لە ڕسوماتی تۆمارکردن لێخۆش بوون ھەیە و ئەو بڕیارەش لەسەر داواکاری خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان دراوە، بۆیە ڕێنماییەکانی دەرچوون لە وەزارەتی ناوخۆ دوای دیراسەیەکی ورد ئینجا دراون و شۆفێرانی تاکسی لەو ڕێنماییانە بەھیچ شێوەیەک زەرەر ناکەن.